مێسی داوای ساڵێک پشوو دەکات

27-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کە لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین داوای ساڵیک پشووی لە یاریی نێودەوڵەتی کردووە، بۆئەوەی چاو بخاتە سەر یاریکردنی لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامی و گونجان لەگەڵ کەشی ئەمریکا.
 
راپۆرتەکە دەڵێ، مێسی کە تەمەنی بووەتە 36 ساڵ، بە لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی راگەیاندووە ویستی ئەوەی هەیە ماوەی ساڵێک، پشوو لە ئەرجەنتین وەربگرێت.
 
سکالۆنی، پێویستی بەڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین هەیە، بەرلەوەی وەڵامی مێسی بداتەوە، بەتایبەت کە هەڵبژاردەکە هاوینی داهاتوو بەشداریی لە کۆپا ئەمێریکا دەکات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، پێشبینیکراوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین بە داواکەی مێسی رازی بێت، بەتایبەت کە ئەو ئەستێرەیە پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی تانگۆی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ی قەتەر.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، مێسی کە بەمنزیکانە دەچێتە یانەی ئینتەر مەیامی، پێیوایە کە دەبێ خۆی تەرخان بکات بۆ راهاتن لەگەڵ کەشی ئەمریکا و گونجان لەگەڵ یانە نوێیەکەی.
 
بەرپرسانی ئەرجەنتین نایانەوێت پشووەکەی مێسی، کۆپا ئەمێریکای ساڵی داهاتوو بگرێتەوە.
 
مێسی دەیەوێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا خۆی و خێزانەکەی لە ژیان لە ئەمریکا رابێن.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، مێسی بەشداریی لە هیچ یارییەکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ناکات، تاوەکو دەستپێکردنی یارییەکانی کۆپا ئەمێریکای داهاتوو کە ئەمریکا میوانداریی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە