خانمانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا دەیانەوێت ببنە پاڵەوانی ئەورووپا

27-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یۆرۆ
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ جامی نەتەوەکانی ئەورووپا لەسەر ئاستی خانمان کۆتاییدێت و هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، لە دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی مۆندیالی 2023 کە تێیدا ئیسپانیا نازناوەکەی بەدەستهێنا. ئینگلیزەکان بەدوای تۆڵەکردنەوەدان، بەڵام رووبەڕووی پاڵەوانی جیهان دەبنەوە کە بە پاڵێوراوی سەرەکی یارییەکە دادەنرێت.


پلانی سەرەکی ئینگلتەرا بۆ بردنەوەی یارییەکە، بریتییە لە قۆستنەوەی خاڵە لاوازەکانی ئیسپانیا. سەرەڕای ئەوەی ئیسپانیا کۆنترۆڵی تۆپ دەکات، بەڵام هێڵی بەرگرییەکەی خاوە و لە بەرامبەر هێرشە هەڵگەڕاوە خێراکاندا لاوازە. بۆیە ئەرکی ئینگلتەرایە سوود لە خێرایی هێرشبەرەکانی وەربگرێت و بەرگری ئیسپانیا تاقیبکاتەوە، لەگەڵ تاقیکردنەوەی بەردەوامی گۆڵپارێزەکەیان کە هەندێکجار هەڵە دەکات.

لە بەرامبەردا، گەورەترین ئەرکی ئینگلتەرا راگرتنی هێڵی ناوەڕاستی بەتوانای ئیسپانیایە، کە بە باشترین لە جیهاندا دادەنرێت. ئەمەش پێویستی بە وزە و ماندوونەناسییەکی زۆر هەیە، بەتایبەت کە ئینگلتەرا دوو یاریی قورسی بە کاتی زیادکراو ئەنجامداوە. بۆیە پێویستە یاریزانەکانی بە وزەیەکی نوێوە یاری بکەن و رێگە لە یاریزانانی ئیسپانیا بگرن بۆ دروستکردنی بۆشایی.

یارییەکە تەنیا لەناو یاریگەدا نییە، بەڵکو لەسەر کورسی یەدەگیش دەبێت. بڕیارەکانی سارینا ڤیگمان، راهێنەری ئینگلتەرا، لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی کاریگەر و لە کاتی گونجاودا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی نازناوەکە. چاوەڕوان دەکرێت یارییەکە ببێتە رووبەڕووبوونەوەیەکی تاکتیکی لەنێوان بەرگریی پتەو و هێرشی خێرای ئینگلتەرا و شێوازی تیکی-تاکای ئیسپانیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە