خیتافی، تیپە پۆخڵەکەی لالیگا.. لە جەنگی زەبەلاحەکانەوە بۆ جەنگان دژ بە تێباس

27-08-2025
نیشانەکردن لالیگا یانەی خیتافی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساڵانی رابردوو، یانە بچووکەکانی لالیگا، دەبوو هەوڵی زۆر بدەن و زۆر خۆیان ماندوو بکەن، تاوەکو بتوانن رووبەڕووی هەژموون و باڵادەستیی گەورەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید ببنەوە، ئێستا جەنگەکە بەرەیەکی نوێی تێدا کراوەتەوە، بەرەی جەنگانی یانە بچووکەکانی لالیگا، لە بەرامبەر بڕیار و یاساکانی ئەو خولەدا کە بەبیانووی یاریی خاوێنەوە، دەستی خستووەتە بینەقاقای بچووکەکان و هێندەی دیکە هێزی لێبڕیون.
 
خیتافی، نموونەی یانەیەکە لەجەنگان دژ بە بارسا و ریالەوە، ئێستا دەبێ بەرامبەر یاساکانی لالیگا بجەنگێت، بەڵام بۆردالاسی راهێنەر، شێوازێکی نوێی لەگەڵ تیپەکەدا دۆزیوەتەوە، ئەو شێوازەی بە قێزەون ناودەبرێت، بەڵام دوای تەنیا دوو گەڕی لالیگا، تیپەکەی گەیاندووەتە پلەی چوارەمی ریزبەندی لالیگا.
 
ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی تیپەکان، بەڵام خیتافی خاوەنی چیرۆکێکی سەرکەوتووە. تیپەکە بەدۆخێکی ئابووریی قورسدا گوزەر دەکات، لیستی یاریزانەکانی زۆر کەمن و هێشتا هەڕەشەی لەدەستدانی یاریزانی زیاتری لەسەرە، بەڵام هاوتای ڤیاریال، ریال مەدرید و بارسێلۆنا، لە دوای دوو یاریی، خاوەنی شەش خاڵە. خیتافی ئەو ئەسپەڕەشەیە، وێڕایی سەختیی رێگەکە، هێشتا لە غاردان بەردەوامە.
 
بۆردالاس و فەلسەفە قێزەونەکە
 
وەرزی رابردوو، ژمارەکانی خیتافی، ژمارەی کۆنترۆڵ و زۆریی پاسات نەبوون، بەڵکو تیپەکە کەمترین کۆنترۆڵی تۆپی هەبوو، زۆرترین فاوڵی گرت و کەمترین ماوە لەسەرئاستی هەموو ئەورووپا لە 90 خولەکەکەدا یارییکرد، ئەمساڵیش بەهەمان فەلسەفەوە تێهەڵچووەتەوە، لەوانەیە ژمارەکانی خراپتریش بن، کەچی هێشتا بەپێوە وەستاوە و لەگەڵ گەورەکان لە ململانێدایە.
 
خۆسێ بۆردالاسی راهێنەر، خاوەنی ئەو فەلسەفەیەیە، فەلسەفەی 'تۆپی ناشرین' کە زاراوە بنچینەییەکە بریتییە لە (Anti-football). فەلسەفەکە دژی هەموو بنەما سەرەکییەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا دەوەستێتەوە کە بریتین لە پاسی کورت و کۆنترۆڵی تۆپ، بەڵام بۆردالاس لێبڕاوانە کاری لەسەردەکات و بەجۆرێک پێوەی پابەندە، هاوکارەکانی لە مەشقدانی تیپەکانی دیکە بێزارکردووە، هەندێک لەوان، بۆردالاسیان ناوناوە، 'دڕندەکەی لالیگا'.
 
شرۆڤەکارانی لالیگا، شێوازی یارییکردنی بۆردالاس و خیتافی بە 'پشێویی بەئەنقەست' ناودەبەن، کە ئامانجیەتی ریتمی یارییکردنی تیپی بەرامبەر بشکێنێت و پەلکێشی بکات بۆ جەنگێکی جەستەیی و دەروونیی بەهێز.
 
لە بەرگریدا، تیپەکە پشت بە یەک بلۆکی پتەو دەبەستێت کە دوور لە ناوچەی سزای خۆی بەرگری دەکات، ئامانجی نییە بەخێرایی تۆپ وەربگرێتەوە، بەڵکو دەیەوێت رکابەرەکەی ناچار بکات، لەو رووبەرانەدا یاریی بکات کە ئەم دەیەوێت، ئەویش باڵەکانە و لەوێدا ئیدی بەژمارەزۆریی یاریزان، هەوڵەکانی دەخنکێنێت.
 
ئەم ستایلی یارییکردنە، هەندێک بە قێزەون و بێزارکەر دەیبینن، بەڵام لای تیپەکەی بۆردالاس، کاریگەریی گەورەی دروستکردووە و بووەتە ئەو چەکەی کە ئەو راهێنەرە تیپەکەی پێکردووەتە دێوەزمەی تیپەکانی دیکەی خولەکە، بەگەورە و بچووکەوە.
 
تووندی لەپێناو تۆپی پێدا
 
لۆمیا میا، یاریزانی ناوەڕاستی خیتافی، لە دوای بردنەوە لە سیڤییا، بەکورتی وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە، ئەو دەڵێ، "پێمان دەڵێن تیپەکەی بۆردالاس تەنیا دەزانن بەتووندی یاریی بکەن، بەڵام ئێمە بەو شێوازە لە تۆپی پێدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین".
 
ئەو تیپەی بەرۆحیەتی جەنگان و هێزی بەرگری بەناوبانگە، ئەمساڵ دیوێکی دیکەی رووخساری خۆی پێشاندا، تیپێک کە رۆحیەتی کارکردنی بەکۆمەڵ و سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگەکانی هەیە. میا دەڵێ، "وێڕای ئەو دۆخە قورسەی تێیدا دەژین، ئێمە یەکگرتووین و لە یاریگەدا دەجەنگین". ئەم رۆحیەتە چەکی دەستی تیپەکەیە بۆ درەوشانەوە لەو ساتانەدا کە تەنگەتاویی بەرۆکی دەگرێت.
 
چیرۆکەکەی خیتافی تەنیا پشت بەرۆحیەت بۆ گەیشتن بەشوێنێکی نایاب لە ریزبەندی خولەکەدا نابەستێت، ئەوان دوای تەنیا دوو گەڕ، لە سێلتاڤیگۆ و سیڤییایان بردەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان.
 
تیپەکە لە رووی بڕینی یاریزانانی تیپی بەرامبەرەوە لە هەر یارییەکدا 9.5 خاڵی بەدەستهێناوە کە لە هی ریال مەدرید زیاترە، هەروەها لە دروستکردنی هەلدا بۆ گۆڵکردن شەشەمی خولەکەیە و ئەدریان لیسۆی هێرشبەری خواستراوی تیپەکە، پێشەنگی گۆڵکەرانی بەهاوتای کیلیان ئێمباپێ گرتووە بە 3 گۆڵ.
 
قوربانییەکەی دەستی تێباس
 
دەستەی لالیگا و خاڤیێر تێباس، تەنگژەیەکی گەورەیان بۆ یانە بچووکەکانی لالیگا دروستکردووە لەژێر ناوی یاساکانی یاریی خاوێن.
 
ژمارەکان درۆ ناکەن و خیتافی ئەمساڵ تەنیا 1.8 ملیۆن یۆرۆی بۆ هێنانی یاریزانی نوێ خەرجکردووە، لە کاتێکدا داهاتەکانی 12.6 بووە کە بەشی زۆری بەهۆی فرۆشتنی عومەر ئالدێریتی بەرگریکەری سەرەکیی یانەکەوە بوو بە سەندرێرلاند. پارە زیادەکەی ئەو فرۆشتنە ناتوانێت تیپەکە بەهێز بکات و یاریزانی نوێی بۆ بهێنێت، بەڵکو تەنیا رێگەیەکە بۆ بەردەوامبوونی یانەکە لە ژیان و مانەوە.
 
رێوشوێنە تووندەکانی یاساکانی دەستەی لالیگا، یانەکانی وەک خیتافی ناچاردەکات یاریزانەکانی لەپێناو خۆڕێکخستنەوە و کڕینەوەی یاریزانی نوێدا نەفرۆشێت، بەڵکو لەپێناو رەخساندنی پەراوێزێکی بچووکدا بیکات بۆ ئەوەی بتوانێت بنمیچی مووچەی یاریزانەکانی دیکە دابین بکات.
 
تیپەکە بەهۆی ئەو دۆخەوە ناچارە بەخواستن یان هاتنی بێبەرامبەر گرێبەست بکات. بەڵام ئەوەش رێگە بەیانەکە نادات بەدڵی خۆی بجووڵێتەوە، بەڵکو چیرۆکی پڕ تراژیدیی وەک ئەوەی کریستانۆس ئۆچیی لێ بەرهەم دێت کە وەک ئانخێل تۆرێسی سەرۆکی یانەکە دەڵێت، "ناچارە بیفرۆشێت"، لە کاتێکدا بۆردالاسی راهێنەر دەستی بەو یاریزانەوە گرتووە و وایداناوە، "رۆیشتنی کێشەیەکی گەورەیە". بنەمای چیرۆکەکە ئەوەیە کە یاساکانی لالیگا، یانەکە ناچاردەکات شپرزانە بجووڵێتەوە و هیچ تەباییەک لەنێوان راهێنەر و سەرۆکی یانەدا نەمێنێتەوە.
 
سیاسەتەکانی لالیگا و سەرۆکەکەی بەو شێوەیە کاریگەریی گەورە لەسەر یانەکانی خولەکە دروستدەکات، لە کاتێکدا یاساکان دەیانەوێت بەردەوامبوونی دارایی بەیانەکان ببەخشن، توانای رکابەریی و کڕینی یانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو، کەم و سنووردار دەکات.
 
کێشەی یاساکە لەوەدایە کە یاساکان، تیپێکی وەک خیتافی ناچار بەفرۆشتنی باشترین یاریزانەکانی دەکات، هەر بۆیە کاتێک دەگاتە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی، لەوێ رووبەڕووی هێزی گەورەی یانەکانی ئینگلتەرا و ئەڵمانیا دەبێتەوە، هیچی پێناکرێت. 
 
ئەوانەی رەخنە لە یاساکانی لالیگا دەگرن دەڵێن، سیستمەکە، تیپەکان دەکاتە فرۆشیار و هەڕاجکەری یاریزانەکانیان، کە دەبێ دەست بۆ چێشتنی هەموو تاڵاوێک ببەن، لەپێناو مانەوە و بەردەوامبوون لە ژیان.
 
پەرجووەکەی گۆڕینی تەنیا یەک یاریزان
 
لە کاتێکدا یاسای پێنج گۆڕانکاری لە هەر یارییەکدا بووەتە خۆشییەکی زۆر بۆ راهێنەرانی دیکە، خۆسێ بۆردالاس ناچاربوو پەرجوویەک پێشانی رکابەرەکانی بدات.
 
لە وەرزی ئەمساڵدا، خیتافی تاکە یانەی نێو کۆی 96 یانەی ئەورووپایە لە پێنج خولە گەورەکە، کە تەنیا یەک گۆڕانکاریی بەدرێژایی ماوەی یارییەک کردووە، ئەوەشی بەناچاری کرد کاتێک ئیسماعیل بیخۆشای خستە شوێنی لویس میای ماندوو لە دوا خولەکەکانی یاریی تیپەکە بەرامبەر سیڤییا.
 
ئەو بڕیارە، خۆنمایشكردن و پێشاندانی هێز نەبوو، بەڵکو لە تاڵییەکی گەورەوە سەرچاوەی گرتبوو، تیپەکە تاوەکو ئێستا شەش یاریزانی هەیە کە لە لیستەکەیدا تۆمارنەکراون، لە یارییەکەی سیڤییادا ژمارەیەک یاریزانی لاوی بێئەزموون لەسەر کورسیی یەدەگی تیپەکە بوون، بۆردالاس لەبیانووی بڕیارەکەیدا گوتی، "تیپەکە زۆرباشبوو، نەمویست دەستکاریی بکەم، لەسەر کورسیی یەدەگ ژمارەیەک یاریزانی تیپی دووەممان لەبەردەستبوو، کە لە رووی جەستەییەوە ئامادەنەبوون".
 
تاقیکردنەوەکانی داهاتوو
 
ئەو پتەویی و خۆگرییەی خیتافی ئێستا پێشانیدەدات، لە وەرزی رابردوودا جێگەی سەرنج بوون. تیپەکە نزیکبوو لەوەی بارسا لە بردنەوەی لالیگا بێبەش بکات، پاشئەوەی 1-1 لەگەڵی یەکسانبوو، تەنانەت کاتێک بارسا لە یاریی دووەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بردنەوەکە زۆر قورس و بەتەنیا گۆڵێکی بێبەرامبەر بوو.
 
ریال مەدریدیش لەسەر دەستی تیپەکە رووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوە بووەوە، هەردوو یارییەکەی لە خیتافی بردەوە، بەڵام بەزەحمەت. 
 
وەرزەکە ئێستا دەستیپێکردووە و گرەوەکە زۆر گەورەیە. بۆردالاس وەرزی رابردوو زەحمەتیی زۆری بڕی، بەڵام ئەمساڵ هەموو شت زەحمەتترە، ئەرکەکە قورستر و دۆخەکەش ئاڵۆزترە، ئایا دەتوانێت بەڕووی گرەوەکانی داهاتوودا خۆی بگرێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە هەفتەکانی داهاتوو وەڵامی دەدەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە