رووداو دیجیتاڵ
یانەی شێروانە، کامەران عەلی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی دەستنیشانکرد، راهێنەری ناوبراویش بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی شێروانە لەو ئاستە بەرزە بهێڵینەوە".
کامەران عەلی، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە وەرزی 2021-2022 یاریدەدەری وەلی کەریم، راهێنەری ئەوکاتی یانەی نەورۆز بوو، دواتریش وەک راهێنەری نەورۆز لە خولی نایابی کوردستان دەستبەکار بوو.
کامەران عەلی، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "یانەی شێروانە لە دوای وازهێنانی کاک عادلی راهێنەری پێشوو، راسەوخۆ پەیوەندییان پێوە کردم و وادیارە منیان بەباش زانی بۆ وەرگرتنی ئەم ئەرکە، راستییەکەی ئەوانیش دەستکراوەیان کردووم لە هەڵبژاردنی یاریزاندا".
سەبارەت بە یاریزانەکانی و ئامادەیی تیپەکەی بۆ رکابەرییەکان، راهێنەرەکەی شێروانە گوتی "ئەم وەرزە چوار بۆ پێنج یاریزانم پێویستە، گۆڵپارێز و بەرگریکارێک و ناوەڕاستیک و هێرشبەرێکی نوێمان پێویستە، لەبەرئەوەی 80٪ـی یاریزانانی وەرزی رابردوو ماونەتەوە، بۆیە پێویستمان بە یاریزانی زۆر نییە".
راهێنەری نوێی شێروانە، سەبارەت بەئامانجی یانەکە بۆ وەرزی نوێ بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئامانجمان بەشداریکردنێکی شایستەیە لە خولی نایابی کوردستان و پلە سێی عێراق، یانەکەشم پێیگوتوم، کە ئامانجیان تۆپ چواری ریزبەندیی خولەکەیە، بەڵین بە هاندەران دەدەین کە یانەی شێروانە لەو ئاستە بەرزەی بەردەوام بێت و بتوانین باشتریشی بکەین".
یانەی شێروانە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستانە و ئەم وەرزەش بەشداریی یارییەکانی خولی پلە سێیەکانی عێراق دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ