رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نووسی درووشمێک بە زمانی کوردی لەسەر درێسەکەیان، یەکێتیی تۆپۆ پێی تورکیا یانەی (ئامەد سپۆر)ی بە بڕی زیاتر لە دوو هەزار و 600 دۆلار سزادا. سەرۆکی یانەکە دەڵێت، "بڕیارەکە دژایەتییەکی ئاشکرایە بەرامبەر زمانی کوردی".
ئامەد سپۆر بووە یەکەم یانە لە لە مێژووی تورکیادا لە خولە پیشەگەرەکاندا لەسەر درێسەکەی درووشمی کوردی بنووسرێت، بۆ ئەوەش پێشتر رەزامەندیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیای وەرگرتووە.
ئامەد سپۆر گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵ کۆمپانیای (گرووپی تەزگەل) واژۆکردبوو کە درووشمی "یانەکەمان بۆ ئێوە" لەسەر درێسەکەی بنووسێت و بە هەمان درووشمیی کوردییەوە بەرامبەر یانەی پەندکدسپۆر چووە یاریگا.
درووشمی کوردی بە رەزامەندی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) نووسرابوو، بەڵام دوای یاریی یانەکە بەرامبەر یانەی ساکاریاسپۆر بە پاساوی "پێشێلکردنی رێنماییەکانی کەرەستە و ئامێرە وەرزشییەکان"، هەمان فیدراسیۆن بە 110 هەزار لیرەی تورکی (2650) دۆلار سزای بەسەر ئامەد سپۆردا سەپاند.
بورچ بایساڵ، سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر رایگەیاند، سزاکە دوای یاریی ساکاریاسپۆر و بە پاساوی نووسینی درووشم بە کوردی بەسەر یانەکەیدا سەپێندراوە.
بایساڵ رایگەیاند: "کۆمپانیای تەزگەل دروشمەکەی بە شێوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی بازرگانیی تورکیا تۆمار کردووە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاش پێشتر پەسەندی کردووە".
سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر بۆ میدیایەکی تورکیا قسەی کردووە و دەڵێ، "گرێبەستی سپۆنسەرییمان پاش رەزامەندی فەرمی TFF واژۆ کرد".
بورچ بایساڵ گوتی: "ئێستا بەهۆی هەمان درووشم کە پێشتر رەزامەندی لەسەر دراوە، یانەکەمان سزادەدرێت؛ ئەمە دژایەتییەکی ئاشکرایە بەرامبەر زمانی کوردی".
سەرۆکی ئامەد سپۆر ئاماژەی بەوەکرد، پێویست بکات بابەتەکە دەبەنە دادگە و گوتی: "هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەم سزایە نییە، سپۆنسەرەکەمان و ئێمەش لەم بابەتەدا بەپێی یاساکان رەفتار دەکەین".
بە گوتەی بورچ بایساڵ، "ئەم کارە تەنیا هەوڵی رێگریکردن لە وەرزش نییە، بەڵکو هەوڵی رێگریکردن لە زمان و کولتووریشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ