رووداو دیجیتاڵ
تیبۆ کورتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید راستییەکی شۆکهێنەر ئاشکرا دەکات و بە راهێنەرەکەی راگەیاندووە کە ریال مەدرید هەندێکجار تەنیا بە 10 یاریزانەوە یاری دەکات بەهۆی لاوازی ئاستی هاوڕێیەکی!.
تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی و کاپتنی تیپەکە، بە لێدوانێک کەشێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی لە ژووری جلگۆڕینی یانەکەدا دروست دەکات، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چابی ئەلۆنسۆی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە کێشەیەکی راستەقینە لە پێکهاتەی تیپەکەدا هەیە و بۆی روونکردووەتەوە کە تیپەکە تەنیا بە دە یاریزانەوە یاری دەکات، کاتێک یەکێک لە یاریزانەکان بەشێوەی سەرەکی لە یاریگادا دەبێت.
ئەو یاریزانەی کۆرتوا باسی دەکات و لە ئاستی رازی نییە فران گارسیای بەرگریکاری چەپی یانەکەیە، کە وەک یەکێک لە سێ بژاردەکەی چابی ئەلۆنسۆ بۆ ئەو شوێنە لەنێو پێکهاتەکەدایە، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی ئاستی و دەرکەوتنی ئالڤارۆ کارێراس، نەیتوانی خۆی بسەلمێنێت، کە بووەتە بژاردەی یەکەم و دیارترین.
سەرەڕای بەشداریکردنی لە هەندێک یاری، بەڵام ئاستی فران گارسیا بەپێی چاوەڕوانییەکانی ریال مەدرید نەبوو، ئەمەش وای لە هاوتیمەکانی و لە سەروویانەوە کۆرتوا کرد نیگەرانی خۆیان دەرببڕن. هەڵە دووبارەکانی لە یارییەکانی رابردوودا یاریزانانی دیکەی ناچارکردووە کە قەرەبوویان بکەنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی بەرگری تیپەکە هەبووە و بووەتە هۆی رەخنەی تووند لەناو و دەرەوەی یانەکە.
چابی ئەلۆنسۆ، کارێراس بەباشترین بژاردە دەبینێت بۆ یاریکردن وەک یاریزانی سەرەکی، بەڵام دان بە پێویستییەکی بەپەلەدا دەنێت بۆ بەهێزکردنی باڵی چەپ بە جێگرەوەیەکی بەهێز، بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامبوونی دوورکەوتنەوەی فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە و پێشکێش نەکردنی ئاستێکی باش کە بەدڵی کارگێڕی و هاندەران بێت.
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید ئاشکرایان کردووە، کە کۆرتوا بە ئەلۆنسۆی گوتووە فێران گارسیا شایەنی ئەوە نییە بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، چونکە کاتێک یاری دەکات تیپەکە وەک ئەوەیە بە یاریزانێکی کەمتر یاری بکات، بەڵام ئەلۆنسۆ هاوڕای ئەو نییە و پێیوایە بژاردەیەکی باشە بۆ تیپەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ