رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) بەهۆی درووشمێکی کوردی لەسەر درێسی یانەی ئامەدسپۆر، ئەو یانە کوردییەی بە 110 هەزار لیرە (نزیکەی 2650 دۆلار) سزادا. هاوسەرۆکانی دەم پارتییش داوا دەکەن فیدراسیۆنەکە "دەستبەجێ" لەو بڕیارە پەشیمان ببێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەربڕی بۆ سزادانی یانەی ئامەدسپۆر بە بڕی 110 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 2650 دۆلار). سزاکە بەهۆی درووشمێکی کوردییەوە بووە لەسەر درێسی یانەکە کە پێشتر لەلایەن هەمان فیدراسیۆنەوە پەسند کرابوو.
تونجەر باکرهان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بەهۆی درووشمی کوردیی سپۆنسەری سەر درێسەکەیەوە، سزای دارایی بەسەر ئامەدسپۆردا سەپاند. لە پەرلەمان بەرگەی زمانی کوردییان نەگرت و لە وەرزشیشدا سزایان بەسەر زمانی کوردی سەپاند. ئەم سیاسەتەی سزادان و بەرگەنەگرتنە، کەشێکی کۆمەڵایەتیی رەگەزپەرستانە دروستدەکات کە تێیدا هێرش دەکرێتە سەر ئەو کەسانەی لە دەرەوە بە کوردی قسە دەکەن."
باکرهان، هەروەها دەڵێت، ئەو هزرەی بەهۆی دوو وشەی کوردی لەسەر درێسێک سزا دەدات، زیاتر لە هەموو شتێک زیان بە هەوڵەکانی ئاشتی دەگەیێنێت و دەبێت "دەستبەجێ ئەم بڕیارە شەرمەزارییەی TFF هەڵبوەشێنرێتەوە و بە فەرمی داوای لێبووردن بکرێت. ئەم بێڕێزییە بەرامبەر زمانی زگماکیی ملیۆنان هاونیشتمانی، دژی بنەما دیموکراسییەکان و ئاشتیی کۆمەڵایەتییە. ئیدی بەسە... ئێمە ئەم ناهەقی و ستەمە قبووڵ ناکەین."
لەلایەن خۆیەوە، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، رایگەیاند، "ئەو سزایە داراییەی بەهۆی درووشمە کوردییەکەی سەر سپۆنسەری درێسی ئامەدسپۆرەوە سەپێندراوە، تەنیا هێرش نییە بۆ سەر ئامەدسپۆر، بەڵکو هێرشە بۆ سەر زمانی زگماکیی ملیۆنان کورد."
هاتیمئۆغوڵڵاری، پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی ئەو درێسەی پێشتر لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاوە پەسند کرابوو، ئێستا بووەتە هۆی سزادان و گوتی، "ئاشکرایە کە بڕیارەکەی TFF میزاجییە. بڕیارەکە دەرخستنی بەرگەنەگرتنە بەرامبەر زمانی کوردی. رێگە نادەین هەوڵەکانمان بۆ ئاشتی، کە بە دەستلێدان لە دڵی هەر یەکێک لە هاونیشتمانیانمان بەڕێوەی دەبەین، بەهۆی هێرشی لەم شێوەیەوە زیانیان پێبگات. دەبێت TFF دەستبەجێ لەم بڕیارە پەشیمان ببێتەوە و داوای لێبووردن بکات."
چی روویدا؟
ئامەد سپۆر بووە یەکەم یانە لە مێژووی تورکیادا لە خولە پیشەگەرەکاندا لەسەر درێسەکەی درووشمی کوردی بنووسرێت، بۆ ئەوەش پێشتر رەزامەندیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیای وەرگرتووە.
ئامەد سپۆر گرێبەستی سپۆنسەری لەگەڵ کۆمپانیای (گرووپی تەزگەل) واژۆکردبوو کە درووشمی "یانەکەمان بۆ ئێوە" بە کوردی لەسەر درێسەکەی بنووسێت و بە هەمان درووشمی کوردییەوە بەرامبەر یانەی پەندیکسپۆر چووە یاریگا.
درووشمی کوردی بە رەزامەندی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) نووسرابوو، بەڵام دوای یاریی یانەکە بەرامبەر یانەی ساکاریاسپۆر بە پاساوی "پێشێلکردنی رێنماییەکانی کەرەستە و ئامێرە وەرزشییەکان"، هەمان فیدراسیۆن بە 110 هەزار لیرەی تورکی (2650) دۆلار سزای بەسەر ئامەد سپۆردا سەپاند.
بورچ بایساڵ، سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر رایگەیاند، سزاکە دوای یاریی ساکاریاسپۆر و بە پاساوی نووسینی درووشم بە کوردی بەسەر یانەکەیدا سەپێندراوە. گوتی: "کۆمپانیای تەزگەل دروشمەکەی بە شێوەیەکی فەرمی لە وەزارەتی بازرگانیی تورکیا تۆمار کردووە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیاش پێشتر پەسەندی کردووە".
سەرۆکی یانەی ئامەد سپۆر بۆ میدیایەکی تورکیا قسەی کردووە و دەڵێ، "گرێبەستی سپۆنسەرییمان پاش رەزامەندی فەرمی TFF واژۆ کرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ