رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، هۆکاری رەتکردنەوەی یانەی بارسێلۆنایان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێستیڤاوی یاریزانی لاوی ئێستای یانەی چێڵسی ئاشکراکردووە و دووپاتیدەکەنەوە، لامین یامال، هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بارسا، گرێبەست لەگەڵ لاوە بەرازیلییەکە نەکات.
ئێستیڤاو هاوینی رابردوو لە پاڵمێراسی بەرازیلییەوە روویکردە چێڵسی و ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا، ئاستێکی بەرچاوی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە پێشکێش کردووە.
ئێستیڤاو خاوەنی یەکێک لەو گۆڵانە بوو کە چێڵسی لە گەڕی ئەمجارەی چامپیۆنزلیگ لە بارسێلۆنای تۆمارکرد و یارییەکە بەسەرکەوتنی یانە ئینگلیزییەکە، بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا، ئێستیڤاوی لە پێشینەی گرێبەستەکانی خۆی دانابوو، بەڵام یانەکە دواتر هەنگاونان بەئاراستەی بەدەستهێنانی یاریزانەکەی رەتکردووەتەوە، ئەگەرچی ئەو یاریزانە ویستی بۆ چوونە بارسا ئاشکراکردبوو.
یانە کەتەلۆنییەکە، ژمارەیەک یاریزانی دەستنیشانکردبوو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیان، لەنێویاندا ئێستڤاو، بەڵام بەهۆکاری وەرزشی و دارایی، گرێبەستەکەی ئەنجام نەدا.
چیرۆکی هەوڵدان و رەتکردنەوەکە، لە هاوینی 2024دا روویدا، بارسێلۆنا هیچ هەوڵێکی نەدا و دەستەوارەی پێشکێشی پالمێراس نەکرد، لەبەرئەوەی پێیوابوو بەهای ئەو یاریزانە زۆرە، چونکە یانەکەی داوای 40 ملیۆن یۆرۆی دەکرد.
لەبارەی هۆکاری وەرزشیی نەچوونە پێشەوەی بارساوە، رۆژنامەکە دەڵێ، لاوە بەرازیلییە تەمەن 18 ساڵەکە، لەهەمان ئەو شوێنە یارییدەکات کە لامین یامال یاریی لێدەکات و لەبەرئەوە بەلۆژیکی نەزانیوە یاریزانێک بهێنێت لە هەمان شوێنی لامین یاریی بکات.
"بەرپرسەکانی بارسا متمانەی زۆریان بە لامین و تواناکانی هەبووە"، رۆژنامەکە وا دەڵێت.
ئەگەرچی بەپێی هەمان رۆژنامە، ئاندرێ کۆری، بەڕێوەبەری کارەکانی ئێستیڤاو هەوڵیداوە بارسا بە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە رازی بکات، بەڵام یانەکە سووربووە لەسەر هەنگاونەنان بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە.
ئێستیڤاو دوای پاشەکشەی بارسێلۆنا لە گرێبەستەکە، چێڵسی لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ ئێستیڤاو کرد.
لەبەرئەوەی لە کاتی گرێبەستەکەی چێڵسی، ئەو یاریزانە هێشتا تەمەنی نەبووبووە 18 ساڵ، هاتنی ئێستیڤاو بۆ چێڵسی دواکەوت، تاوەکو تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ