راهێنەرێکی ڤالێنسیا و سێ لە کوڕەکانی گیانیان لەدەستدا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن فێرناندۆ مارتین کارێراس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فێرناندۆ مارتین کارێراس، راهێنەری تیپی دووەمی خانمانی یانەی ڤالێنسیا، لەگەڵ سێ کوڕی لە رووداوێکی دڵتەزێنی نوقمبوونی بەلەم لە دوورگەی بالی لە ئیندۆنیزا گیانیان لەدەستدا. ئەم رووداوە دوێنێ لە 26ـی مانگی 12ـی 2025 روویدا و هەموو ئیسپانیای تووشی شۆک کرد، لە کاتێکدا تەنیا هاوسەرەکەی و کچێکی بچووکی لە رووداوەکە رزگاریان بوو.
 
ئەندامانی ئەم خێزانە بۆ بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ لەسەر بەلەمێکی گەشتیاری بوون، بەڵام بەهۆی تێکچوونی بەلەمەکە، لە ئاوەکانی بالی بەخێرایی نوقم بوو. شایەتحاڵەکان باس لە بارودۆخێکی سەخت دەکەن؛ سەرنشینەکان لەناو ژوورەکانی بەلەمەکەدا گیریان خواردبوو. تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام گیانلەدەستدانی فێرناندۆ مارتینی تەمەن 44 ساڵ و سێ منداڵی راگەیێندرا.
 
هاوسەری فێرناندۆ، کچی بازرگانی ناسراوی ڤالێنسیا ئێنریکی ئۆرتوونیۆیە، لەگەڵ کچێکی دیکەیان لەناو بەلەمەکە فڕێدراونەتە دەرەوە و دواتر لەلایەن تیمەکانەوە رزگارکراون. فێرناندۆ مارتین پێش ئەوەی ببێتە راهێنەر، یاریزانی هێڵی بەرگری بووە و لە یانەکانی وەک ئێڵدێنسی و کارتاگینا یاریی کردووە. دوایین ئەرکی وەرزشی، سەرپەرشتیکردنی تیپی دووەمی خانمانی ڤالێنسیا بوو، پێشتریش یاریدەدەری خوسیێ لویس براوۆ بووە لە تیپی یەکەمی خانمانی هەمان یانە.
 
یانەی ڤالێنسیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا هاوخەمی قووڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "شۆکێکی گەورەمان بەرکەوتووە". یانەکە سەرەخۆشی لە خێزان و دۆستانی راهێنەرەکە کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە