رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە گەڕی بیست و شەشەمی لالیگا، لامین یامال هاتریکێکی ناوازەی لە تۆڕی ڤیاڕیال تۆمارکرد و یانەکەی بەرەو سەرکەوتن برد.
بارسێلۆنا کە هەفتەی رابردوو پێشەنگی لالیگای وەرگرتەوە، لەبەردەم دەرفەتێکدا بوو بۆ ئەوەی جیاوازییەکە بە شێوەیەکی کاتی بۆ 4 خاڵ لەگەڵ ریال مەدریدی نزیکترین رکابەری.
سەرەتای یارییەکە کۆنترۆڵێکی روونی بارسێلۆنای بەخۆیەوە بینی، بەڵام تاوەکو خولەکی 28 چاوەڕێی کرد بۆ ئەوەی یامال گۆڵی یەکەم تۆمار بکات و بارسێلۆنا پێشبخات 1-0.
لە خولەکی 37دا بارسێلۆنا گۆڵی دووەمی لە رێگەی یامالەوە تۆمارکرد، دوای لێدانێکی سەرنجڕاکێش و ئەنجامەکەی کردە 2-0.
لە نیوەی دووەمدا، گێی لە خولەکی 49دا گۆڵی کەمکردنەوەی جیاوازییەکەی بۆ ڤیاڕیال تۆمارکرد، بەڵام دواتر یامال هاتریکەکەی تەواو کرد، کە یەکەم هاتریکی بوو لە کاروانی وەرزشیدا لەگەڵ تیپەکە لە خولی لالیگا و جارێکی دیکە درەوشانەوەی خۆی پشتڕاستکردەوە.
هێرشەکانی بارسێلۆنا بەبێ وەستان بەردەوام بوون تاوەکو لیڤاندۆڤسکی، کە لە نیوەی دووەمدا وەک یاریزانی جێگرەوە هاتە نێو یاریگا، توانی گۆڵی چوارەمی بارسێلۆنا تۆمار بکات و یارییەکە بە سەرکەوتنی تیپەکە بە ئەنجامی 4-1 کۆتایی پێبهێنێت، کە ئەمە 21ـەمین سەرکەوتنیان بوو لە 26 یاری لالیگادا.
بارسێلۆنا کۆی خاڵەکانی لە پێشەنگی خولی ئیسپانیا بۆ 64 خاڵ بەرزکردەوە، بە جیاوازی 4 خاڵ لە ریال مەدرید کە رۆژی دووشەممە رووبەڕووی خیتافی دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا، خاڵەکانی ڤیاریال لە 51 خاڵدا مایەوە دوای ئەوەی تووشی هەشتەمین شکستی ئەم وەرزە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ