رامۆس لەسەر داوای هاوژینەکەی نزیکە بگەڕێتەوە ئیسپانیا

28-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێرخیۆ رامۆس پیلار روبیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێرخیۆ رامۆس، ئەستێرەی ئیسپانی و پێشووی هەردوو یانەی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان بیر لە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا و یانەی سێڤییا دەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، سێرخیۆ رامۆس دەیەوێت جارێکی دیکە بەدرێسی یانەی سێڤییاوە یاریی بکاتەوە و کۆتایی کاروانی یارییکردنی لەگەڵ ئەو یانەیە بێت، کە سەرەتا تێیدا دەرکەوتووە و تەنیا گرنگی بە پارە نادات، لەکاتێکدا یانەی نەسڕی سعودی ماوەیەکی زۆرە داوای یاریزانەکە دەکات و ئامادەیە موووچەیەکی گەورەشی پێشکێش بکات.
 
پیلار روبیۆی هاوژینی یاریزانەکەش دەیەوێت جارێکی دیکە لە ئیسپانیا بژیت، بۆیە ئەگەری هەیە سێرخیۆ بگەڕێتەوە یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان.
 
سێرخیۆ رامۆس لە ساڵی 1996 لە تیپی لاوانی یانەی سێڤییا دەرکەوت، دوای چەند ساڵێک سەرخرا بۆ تیپی یەکەمی یانەکە و تاوەکو ساڵی 2005 توانیی لە ئاستێکی بەرزدا دەربکەوێت، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی کە ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات.
 
سێرخیۆ لە ریال مەدرید گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و تاوەکو 2021 یەکێک بوو لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی یانەکە و چەندین نازناوی جیاوازی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بردەوە، ساڵی 2021 چووە یانەی پاریس سانجێرمان و ئێستا یاریزانەکە بیر لە گەڕانەوە بۆ یانەی سێڤییا دەکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە