تاکە مەرجی نیکۆ ویلیامز کێشە بۆ بارسێلۆنا دروست دەکات

28-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نیکۆ ویلیامز بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباوی ئیسپانی، تەنیا یەک مەرجی هەیە بۆ ئەوەی بچێتە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، بەڵام وادیارە ئەو مەرجە کێشە بۆ یانەی کەتەلۆنی دروست دەکات.
 
نیکۆ بڕیاریداوە لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بچێتە ریزی یانەی بارسێلۆنا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە رێگەی بەڕێوەبەری کارەکانی، کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکەی لە ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پۆشینی درێسی بلاوگرانا ئاگادار کردەوە. تەنانەت ئامادەیی خۆی نیشانداوە ئەگەر پێویست بێت ئاسانکاری لە گرێبەستەکەیدا دەکات، بێ ئەوەی ئاوڕ لە هیچ دەستەوارەیەکی دیکە بداتەوە، هەرچەندە لەڕووی داراییەوە سەرنجڕاکێشیش بن.
 
نیکۆ ویلیامز بەیەکێک لە دیارترین ئامانجەکانی بارسێلۆنا دادەنرێت لەم مێرکاتۆی هاوینەدا، چونکە یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵدەدات لە رێگەی چالاککردنی بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەوە بیباتە ریزەکانییەوە، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوو.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی باسی لەوە کردووە کە یاریزانەکە هیچ مەرجێکی ئاڵۆزی دانەناوە، تەنیا یەک داواکاریی روونی هەیە؛ پەلەکردن لە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکە پێش 9ـی تەممووزی داهاتوو، کە وادەی گەڕانەوەیەتی بۆ مەشقەکانی لەگەڵ یانەی ئاتلێتیک بیلباو، چونکە یاریزانەکە هیوادارە خۆی لەوە بەدوور بگرێت کە بکەوێتە ناو گێژاوی دەنگۆ و گوشارەکانەوە ئەگەر بەبێ یەکلاییبوونەوەی داهاتووی بگەڕێتەوە بۆ یانەکەی.
 
رۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بارسێلۆنا گرێبەستەکە بە ستراتیژی و بنەڕەتی دادەنێت لە پڕۆژە وەرزشییەکەیدا و بیری لە هیچ جێگرەوەیەکی وەک لویس دیاز یان مارکۆس راشفۆرد نەکردووەتەوە. لەبەرامبەردا ئاتلێتیک بیلباو هیچ نەرمییەک لە گفتوگۆکاندا نانوێنێت، بەڵکو پێدەچێت سووربێت لەسەر ئاڵۆزکردنی گرێبەستەکە تاوەکو ئەوپەڕی توانای.
 
سەڕەڕای ئەوەی بارسێلۆنا توانای دارایی پێویستی هەیە بۆ پێدانی بڕی 58 ملیۆن یۆرۆکەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەکە، لەگەڵ باجەکانیدا، بەڵام ئێستا بایەخی سەرەکی لەسەر مسۆگەرکردنی تۆمارکردنی یاریزانەکەیە بەشێوەیەکی یاسایی، لەژێر رۆشنایی ئەو سنووردارکردنە داراییانەی کە لەلایەن لالیگاوە سەپێنراون، هەر بۆیە یانەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ لالیگا کاردەکات بۆ دانانی هەموو سیناریۆ ئەگەرییەکان.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا دەستیکردووە بەهەنگاوی کردەیی، وەک فرۆشتنی کلیمێنت لێنگلێت بە ئاتلێتیکۆ مەدرید و دانی ئانسو فاتی بە مۆناکۆ بەشێوەی خواستن، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بنمیچی مووچە و کردنەوەی دەرفەت بۆ تۆمارکردنی گرێبەستە نوێیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، تۆمارکردنی نیکۆ ویلیامز هێشتا بەندە بە بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر یان ئەنجامدانی گرێبەستی فرۆشتنی دیکە.
 
خاڤیێر تێباس، سەرۆکی لالیگا، لەم دواییانەدا رایگەیاندبوو "بارسێلۆنا باش دەزانێت کە دەبێت چی بکات بۆ تۆمارکردنی یاریزانە نوێیەکانی" و ئاماژەی بەوەدا کە کات هێشتا لە بەرژەوەندیی یانەکەدایە ئەگەر بەشێوەیەکی زیرەکانە و وردبینانە بجوڵێتەوە.
 
هاوکات، بارسێلۆنا متمانەی بەوە هەیە کە دەتوانێت مێرکاتۆ بەپێی یاسای 1:1 دەست پێبکات، بەڵام دەزانێت کە تۆمارکردنی هەریەک لە نیکۆ ویلیامز و خوان گارسیای گۆڵپارێز  پێویستی بەچارەسەری دارایی خێرا و کاریگەر هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە