چەندین یاریزانی پرێمەرلیگ بەگرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان تۆمەتبارکراون

28-08-2025
نیشانەکردن پرێمەرلیگ گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان
A+ A-

رووداو سپۆرتس

ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزانی پرێمەرلیگ رووبەڕووی تۆمەتی دەستکاریکردن و یارییکردن بەئەنجامی یارییەکانی خولەکە کراونەتەوە.
 
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، فریدریک گاردار، سەرۆکی پێشووی یەکەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان، پێیوایە ژمارەیەک یاریزان و ئەستێرەی پرێمەرلیگ لە دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکانەوە گلاون.
 
راپۆرتی رۆژنامەکە، ناوی یاریزانە تۆمەتبارکراوەکانی ئاشکرا نەکردووە، ئەوەشی نەخستووەتە روو ئایا ئەو یاریزانانە ئێستا لە یارییکردن بەردەوامن یان وازیان هێناوە.
 
رۆژنامەکە لێدوانی گارداری بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر سەرپەرشتی یەکەیەکی پۆلیسی سوێدی کردووە کە بەدوای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەرزشەوە بووە. ئەو دەڵێ، لەکاتی هەڵکوتانە سەر گازینۆیەکی قومارکردن، بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەسەر ئەو یاریزانانە دەستکەوتووە کە تێوەگلاون لە گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان.
 
بەڵام روونیکردووەتەوە، دەزگاکان بەڵگەکانیان پشتگوێخستووە.
 
گاردار وایداناوە کە ژمارەیەک یاریزانی پرێمەرلیگ لە دۆسێیەکەوە گلاون و کەم تا زۆر، پەیوەندییان بەقومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەبووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، قسەکانی ئەو لێکۆڵەرە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا رووبەڕووی هەڵوێستی قورس دەکاتەوە، چونکە دەبێ لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت دیاردەکە تاوەکو چ سنوورێک بڵاوبووەتەوە لەنێو خولەکەدا.
 
هەروەها دەپرسێت، ئایا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، دەیەوێت سزای تێوەگلاوان بدات یان نا؟
 
راپۆرتی رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتە روو کە راپۆرتی پۆلیسی سوێدی لەبارەی تێوەگلانی یاریزانەکانی پرێمەرلیگ، دراوەتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا و فیدراسیۆنەکە دەستی بەبەدواداچوون کردووە لە دۆسێیەکەدا.
 
گاردار پێشتر سەرپەرشتی تیمێکی لێکۆڵینەوەی کرد بۆ ماوەی 18 مانگ، کە تێیدا دەرکەوت دیکسۆن ئیتۆهۆی یاریزانی پێشوو، لە بابەتی بەرتیل وەرگرتنەوە گلابوو بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی ژمارەیەک یاری لە سوێد.
 
ئەو لیژنەیەی گاردار، دواتر لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021دا، بەپشتبەستن بەزانیاریی کۆکراوەی چەندین مانگ، هەڵیکوتایە سەر گازینۆیەکی نایاسایی کە بەهۆیەوە چەندین کەس لەکاتی تاوانکردندا دەستبەسەرکران.
 
وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە هەڵکوتانە سەر گازینۆیەکەدا، دەست بەسەر چەندین مۆبایلدا گیراوە، بەڵام یەکێک لە مۆبایلەکان بەڵگەی زۆری تێدابووە، کە لێیەوە لە تێلیگرامدا یاریزانانی هاوکار و هاوبەشی تاوانکاران، پەیوەندییان هەبووە بۆ دەستکاریکردنی چەندین یاریی خولە ئەورووپییەکان، لە نێویاندا یاریی لە نەیشنسلیگدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە