رووداو هەولێر
مستەفا قابیل، ئەستێرەی لاوی کورد ئەمڕۆ پێنجشەممە توانی لە یارییەکی دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق و هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی هیندستان سێ گۆڵ تۆماربکات و خاڵی بەهێز و یەکلاکەرەوەی تیپەکەی بێت.
هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق ماوەی زیاتر لە 45 رۆژە بەسەرپەرشتی عیماد محەممەد، راهێنەر و ئەستێرەی پێشووی سەردەمی زێڕینی عێراق لەنێو راهێنان و ئامادەکارییە بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس 2028.
دەستپێکی راهێنانەکانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق کردنەوەی کەمپێکی راهێنان بوو لە شاری بەغدا، دواتر تیپەکە رۆژی 22ـی ئەم مانگە راهێنانەکانی بۆ شاری کوالالەمپوری مالیزیا گواستەوە، بڕیارە راهێنانەکانی تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بخایێنن، لە یەکەم یارییدا ئۆڵۆمپی عێراق رووبەڕووی ئۆڵۆمپی هیندستان بووەوە و عێراق یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە، هەرسێ گۆڵەکەی عێراق لەلایەن مستەفا قابیلی ئەستێرەی کورد تۆمارکران.
مستەفا قابیل، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس سەبارەت بە هاتریکەکەی گوتی "دڵخۆشم کە بوومەتە مایەی متمانەی دەستەی راهێنەران، هەموو خەونم ئەوەیە بتوانم خزمەتی هەڵبژاردەکەم بکەم و بتوانین لە پاڵاوتنەکانیش ئەنجامێکی دڵخۆشکەر پێشکێس بکەین و بگەینە کۆتاییەکانی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس".
یارییەکانی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس 2028، بڕیارە رۆژی 3ـی مانگی نۆی ئەمساڵ لە وڵاتی کەمبۆدیا دەستپێبکەن و هەفتەیەک دەخایەنێت.
مستەفا قابیل، خەڵکی شاری هەولێرە و وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی شارەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێشکرد، لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا یەکێک بوو لەو یاریزانانەی خواستێکی زۆری لەسەر بوو لەلایەن یانە گەورەکانی عێراق، بەڵام گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ