میلان و ناپۆلی دەچنە نێو گەڕێکی نوێ و رکابەری لەسەر پێشەنگ دەکەن

28-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێری ئا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی نۆیەمی سێری ئا دەستپێدەکەن، یانەی ناپۆلی دەیەوێت پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بکات، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لێچی یاری دەکات.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕەکەدا، کاژێر 20:30 هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکە لە یاریگەی لێچی بەڕێوەدەچێت.
 
پارتێنۆپێ دوای بردنەوەی لە ئینتەرمیلان و سوود وەرگرتن لە یەکسانبوونی میلان بەرامبەر پیسا خۆی گەیاندەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە و دەیەوێت لە پێشەنگی ریزبەنددا شوێنی خۆی بەهێزتر بکات.
 
ناپۆلی لە دوایین شەش یارییدا بەرامبەر لێچی پێنج سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە یارییەکدا یەکسانبوون، دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە وەرزی 2019-2020 بووە کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ دۆڕا.
 
لێچی لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی خراپن لە دوای ئەنجامدانی هەشت یاری تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و چوار یاریی دۆڕاندووە، ئێستا یانەکە لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
یانەی ئەیسی میلان دەیەوێت قەرەبووی یەکسانبوونی بەرامبەر پیسا و لە دەستدانی پلەی یەکەمی ریزبەند بکاتەوە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە یارییەکی زەحمەتدا بەرامبەر ئاتالانتا یاری دەکات.
 
لە دووەم یاریی گەڕی نۆیەمی خولی ئیتاڵیا، ئەمشەو کاژێر 22:45 هەردوو یانە لەسەر یاریگەی جێویس رووبەڕووی یەکدەبنەوە و دەیانەوێت سێ خاڵی دیکە ببەنەوە.
 
ئەیسی میلان لە گەڕی رابردوودا لە پلەی یەکەمی ریزبەند بوو، بەڵام دوای ئەوەی بەرامبەر پیسا دوو خاڵی لەدەستدا دابەزی بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە، ئاتالانتا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، بەڵام لە دوایین چوار یارییدا یەکسانبووە و 6 یەکسانبوونی لەم وەرزەدا هەیە، یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەی سێیەم لەم وەرزەدا تۆماربکات.
 
لە دوایین پێنج یارییدا یانەی ئەیسی میلان چوار دۆڕان و یەکسانبوونێکی بەرامبەر ئاتالانتا هەیە و دەیەوێت ئەنجامە خراپەکانی بەرامبەر ئەو یانەیە بۆ بردنەوە بگۆڕێت، بەڵام ئەرکی قورسە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە