رووداو دیجیتال
ستیفانۆ سیسی، بەڕێوەبەری پێشووی کارەکانی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا و هاوڕێی هەرە نزیکی، نهێنییەکی مەترسیدار لەسەر ئەفسانە ئاشکرادەکات.
لە کاتێکدا کە مردنی مارادۆنا هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە و هەندێک کەس و لایەن پێیانوایە کەمتەرخەمی کراوە لە چۆنیەتی مەمەڵکردن لەگەڵ دۆخی تەندروستی مارادۆنا، هاوڕێی چەندین ساڵی مارادۆنا قسەیەکی دیکە دەکات و دەڵێت "مارادۆنا بەر لە مردنی هەستی بە بێزاریی و ماندووبون دەکرد، خۆی وایکرد بمرێت".
ستیفانۆ سیسی، لەو بارەیەوە دەڵێت "مارادۆنا حەزی لە ژیان نەمابوو، دەیویست بمرێت و هەر خۆیشی وایکرد کە بمرێت".

بەڕێوەبەری پێشووی کارەکانی مارادۆنا، هەروەها دەڵێت "پەنجەی تۆمەت بۆ هەندێک کەس درێژ دەکرێت و زۆر قسە و باس لەسەر ئەوە هەیە گوایە ئەوان کەمتەرخەمییان کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەی مارادۆنا، بەڵام ئەوانە راست نین، ئەوان نازانن ژیانی مارادۆنا چۆن بوو".
سیسی لەبارەی ژیانی ئەفسانەکەی ئەرجەنتینەوە دەڵێت "دیێگۆ هەمیشە بەتەنیا بوو، خەڵکی تەنیا بیریان لە ناوی مارادۆنا دەکردەوە، خۆیشی وازی لەوە هێنابوو کە مارادۆنایە. لە تەمەنی 17 ساڵاندا مەمەڵە لەگەڵکردنی زەحمەت بوو، چونکە کوڕێکی زۆر باش و بەڕێز بوو، من 20 ساڵ یادگاریی جوانم لەگەڵ مارادۆنا هەیە".
بەڕێوەبەری پێشووی کارەکانی مارادۆنا، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بەمدواییە مارادۆنا هیچ بایەخی بە خۆی نەداوە لە رووی جەستەیی و هزرییەوە، ئەو زۆر بێزار و ماندوو بووە، هەر خۆیشی رێگەی بەوەداوە بمرێت و گوتی "ئەو هیچ حەزێکی بۆ ژیان نەمابوو".
سیسی لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە مارادۆنا، گوتیشی "هەرایەکی خێزانیی دەوری لە مارادۆنا دابوو، ئەو خۆشی و ئارامی نەمابوو، تەنانەت دوای مردنیشی خزم و نزیکەکانی بەردەوامن لە دەرهێنانی قژی یەکدی، بۆیە بەلای کەمەوە ئەو ئێستا دەتوانێت لای ئەوانە بێت کە لە هەموو کەس خۆشتری دەویستن، دایک و باوکی، ئێستا دیێگۆ گەیشتە ئارامی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ