رووداو دیجیتاڵ
ئونای ئێمری، یانەی ئاستۆن ڤیلای لە تیپێکی ئاساییەوە کردووەتە تیپێکی رکابەر و ئێستا دەکرێت هەمووان تیپەکە وەکو رکابەرێکی سەرەکی بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ سەیربکەن.
یانەی ئاستۆن ڤیلا، لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە ئیسپانییەکە رۆژ لە دوای رۆژ باشترە و ئەنجامەکانیشی زیاتر سەرنجی هەمووان بەلای خۆیدا رادەکێشن، یانەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش لە یانەی چێڵسیی بردەوە.
هەرچەند سەرەتا چێڵسی گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئەوان تەواو بوو، بەڵام ئاستۆن ڤیلا لە نیوەی دووەمدا، بە گۆڕانکارییەک هەموو شتێکی لە بەرژەوەندیی خۆی گۆڕی، لە خولەکی 58 ئۆلی واتکینز چووە نێو یاریگە و دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 63 و 84 تۆمارکرد و ریمۆنتادای بۆ تیپی میوان لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ تۆمارکرد.
ئاستۆن ڤیلا بەم بردنەوەیەی لە چێڵسی، بەهەمووانی گوت، من تیپێکی ئاسایی نیم و ئەوەی تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا بەدەستمهێناوە بەرهەمی ماندووبوونی تیپەکەیە نەک رێککەوت.
بەبردنەوەی یارییەکە تیپەکەی شاری بێرمینگهام لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرا، بووە خاوەنی 39 خاڵ، ئێستا جیاوازیی لەگەڵ ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە 3 خاڵە و تەنیا یەک خاڵ لە یانەی مانچێستەر سیتیی دووەمەوە دوورە.


ژمارەکانی ئاستۆن ڤیلا باوەڕپێنەکراون
ئاستۆن ڤیلا، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، تەنیا سێ یاریی دۆڕاندووە، خاوەنی 12 بردنەوە و 3 یەکسانبوونە.
یانەکە لە دوایین 11 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئەمە یەکسانکردنەوەی ریکۆردێکە پێشتر لە ئەیلوولی 1897 تاوەکو ئاداری 1914 لەلایەن یانەکەوە تۆمارکرابوو.
لە هەموو سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە، یانەی ئاستۆن ڤیلا تاوەکو گەڕی پێنجەم هیچ بردنەوەیەکی نەبوو و لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکە بوو، لە دوای گەڕی شەشەمەوە تیپەکە ئیدی رۆژ لە دوای رۆژ باشتر و بەهێزتر دەرکەوتم یانەکە هەر گەڕە و دەبووە بەربەست لەبەردەم یانەیەک، لەنێویاندا یانەکە بەرامبەر یانە گەورەکان تەنیا بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕا، لە مانچێستەر سیتی بردەوە، لە تۆتێنهامی بردەوە، لە ئارسیناڵی بردەوە، لە مانچێستەر یونایتدی بردەوە، لە چێڵسی بردەوە و گەڕی داهاتووش جارێکی دیکە بەرامبەر ئارسیناڵ یاریی دەکات.

مۆرگان رۆجەرز، گۆڵکاری یانەی ئاستۆن ڤیلایە، لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا 7 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە، تیپەکە بەشێوەیەکی گشتی 29 گۆڵی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا تۆمارکردووە و خاوەنی شەشەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە.
لێدوانی ئونای ئێمری
راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤیلا دوای بردنەوەیان لە چێڵسی گوتی "ئەوان لە نیوەی یەکەمدا ئاستێکی نایابیان پێشکێشکرد و چێڵسی شایستەی پێشکەوتن بوو، بەڕاستی ئەوان خەیاڵی بوون، ئێمە لەنیوەی دووەمدا هەمان پلانی نیوەی یەکەممان جێبەجێکرد، بەڵام لە نیوەی یەکەمدا ئەوان ئاستێکی خەیاڵیان پێشکێشکرد، ئێمە دەستبەرداری شێوازی یارییکردنمان نەبووین و لە کۆتاییدا توانیمان یارییەکە ببەینەوە."
ئونای ئێمری خۆی لەوە دەدزێتەوە باسی رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بکات، بەڵام لە میدیای بەریتانیادا باس باسی تیپەکەیەتی و ئێستا هەمووان وەکو رکابەرێکی سەرەکی سەیری یانەکە دەکەن و پێیانوایە ئەگەر لەسەر ئەم ئاستەی بەردەوامبێت، تیپەکە دەتوانێت رکابەرییەکی بەهێز لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا بکات.


ئالان شیرەر، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئینگلتەرا لەبارەی پاڵنەرەکانی ئونای ئێمری بۆ رکابەریکردن لەسەر پاڵەوانبوون دەڵێت "ئێمە لە نیوەی وەرز نزیکدەبینەوە و دەبێت بڵێین، ئاستۆن ڤیلا بەربژێرێکی راستەقینەیە، ئایا پێموایە دەبەینەوە؟ نا، چونکە یەدەگی تیپەکە وەکو پێویست نییە، بەڵام لەژێر سەرپەرشتی ئونای ئێمری هەموو شتێک دەکرێت رووبدات.
لە دوایین گەڕی نیوەی وەرزی پرێمەرلیگدا، رۆژی سێشەممە ئاستۆن ڤیلا لە یارییەکی زەحمەتدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئارسیناڵ یاریی دەکات، یارییەکە لە لەندەن لە یاریگەی ئیماراتس دەکرێت و بەبردنەوەی ئەو یارییە ئاستۆن ڤیلا ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ گانەرز یەکساندەکاتەوە و رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دەگاتە لووتکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ