رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی، تۆمەتی هەڵگیرساندنی جەنگی بەرامبەر بارسا، داوەتە پاڵ یانەی ریال مەدرید و سەرۆکەکەی، وایداناوە ئەوەی لەماوەی رابردوودا یانەی شاهانە کردوویەتی، 'نیازخراپ'ییە و سنوورەکانی رکابەریی وەرزشیی رێگەپێدراوی تێپەڕاندووە.
جۆسیپ ماریا کازانۆڤاس، دامەزرێنەری رۆژنامەکە، لە وتارێکدا وایداناوە رەگی کێشەی ئەمجارەی نێوان بارسا و ریال، بۆ شکستی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەگەڕێتەوە، کە بەدوایدا خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە لە پڕۆژەکە پاشەکشەی کرد و بەلای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپادا رۆیشت.
رۆژنامەنووسەکە پێیوایە، ئەو هەنگاوەی لاپۆرتا، سەرۆکی ریال مەدرید گۆشەگیر و بێکەس کردووە، لە کاتێکدا ئەو سەرقاڵی جەنگە لەگەڵ خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا و ناکۆکیی قووڵی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە، بەهۆی دۆسێی نابژیوانانەوە.
کازانۆڤاس وایداناوە کە پێرێز، وەک وەڵامێکی تۆڵەکردنەوە، دۆسێی نێگرێرای زیندووکردەوە، هێرشی راستەوخۆی کردە سەر بارسا، لە کاتێکدا پێشتر لە مانگی سێی ئەمساڵ، یانەکە وەک لایەنێکی زیانلێکەوتوو لە دۆسێیەکە چووە بەردەم دادگا.
هەروەها دەڵێ، ئێستا ئاڵۆزکردنەکە زیاتر بووە، ئەوەش وەک ئەو دەڵێ، هەنگاوێکە بەئاراستەی، 'راگەیاندنی راشکاوانەی جەنگ'.
دامەزرێنەرە کەتەلۆنییەکە وایداناوە، ناکۆکییەکان گەیشتنە لووتکە، پاشئەوەی ریال مەدرید لە رێگەی دادگاوە، داوای سەرجەم بزاوتە داراییەکانی بارسێلۆنای لە نێوان 2010 و 2021 کرد.
ریال مەدرید هەروەها داوای 600 دۆکۆمێنتی کردووە کە یانەکە لە چوارچێوەی دۆسێیەکەدا و هاوکات لەگەڵ بوودجەی نێوان ساڵانی 2010 و 2018 داویەتی بە دادگاکە.
ریال مەدرید داوای وردبینی لە پارەدانەکان و پێداچوونەوە نێوخۆییەکانی بەر لە کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی یانەکە دەکات، لەپێناو زانینی ئەوەی پارەکان چۆن دراونەتە کۆمپانیاکانی سەر بە نێگرێرا.
دۆسێ بەناوبانگەکەی نێگرێرا، پەیوەندی بەو پارانەوە هەیە کە یانەی بارسیلۆنا داویەتی بە خۆسێ نێگرێرای جێگری سەرۆکی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا.
کازانۆڤاس دەڵێ، "ئامانج لەوەی ریال مەدرید دەیکات، بردنی دۆسێیەکەیە تاوەکو ئەوپەڕی سنوور". دووپاتیکردەوە، "سەلماندنی بوونی گەندەڵیی وەرزشی مەحاڵە، چونکە ناوبژیوان نەکڕدراون".
لە کۆتاییدا دەڵێ، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید ئەو جەنگە ئەنجامدەدات بەئامانجی بەدەستهێنانی چەپڵەڕێزانی هاندەران، ئاماژەی بەوەداوە کە "بەکارهێنانی دۆسێی نێگرێرا لە دژی بارسێلۆنا، هەموو کات دەنگدانەوەی لە مەدرید هەیە".
ئەو وایداناوە ئەوەی ریال مەدرید دەیکات، "بیانووی کەسی شکستخواردووە" لە کاتێکدا تێپەڕینی ساڵەکان، راستییەکان ئاشکرا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ