رووداو دیجیتاڵ
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، باسی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کردووە و دەڵێ دەمەوێت یانەیەکی ناوازە، شارێک و وڵاتێک دڵخۆش بکەم.
ئینریکێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان، ئەمشەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە میونشنی ئەڵمانیا ئەنجامدەدات.
ئینریکێ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکە، دەڵێ، "پێموایە ئێمە ئەو تیپەین کە راهاتووە لەسەر ئەنجامدانی یارییەکانی کۆتایی. بەڵام پاڵنەرەکانمان گرنگن و ئێمە لەگەڵ کەشەکەدا راهاتووین".
راهێنەرە ئیسپانییەکە رەتیدەکاتەوە رووبەڕووبوونەوەی یانە جیاوازەکان لە چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووبوونەوەی کولتووری جیاواز بێت، ئەو پێیوایە تۆپی پێ لە هەموو جیهاندا یەک کولتووری هەیە، بەڵام شێوازی یارییکردنەکە جیاوازە، ئینریکێ دەڵێ، "ئێمە باسی راهاتن لەگەڵ کولتوورێکی جیاواز ناکەین، لەبەرئەوەی تۆپی پێ لە جیهاندا یەک کولتووری هەیە. هەر تیپە و تیپێکی جیاوازە، بەشێوازێکی جیاواز یارییدەکات بەپشتبەستن بەتایبەتمەندییەکانی خۆی. لە کاروانی خۆماندا، رووبەرووی برێست بووینەوە، دواتر تیپە ئینگلیزییەکان، ئێستاش تیپێکی ئیتاڵی. هەموان دەزانن رۆحیەتی رکابەری لە وڵاتێکی وەک ئیتاڵیادا چۆنە. ئەوان لێهاتوون لە کۆنترۆڵی تۆپ و دەتوانن زۆر بەباشی بەرگری بکەن".
ئینریکێ بۆ وەرزی سێیەم لەگەڵ سانجێرمان کاردەکات، دووپاتیدەکاتەوە هەموو کات هەمان پەیوەندی باشی لەگەڵ یاریزانەکانی هەبووە، "من هەموو کات پەیوەندیم لەگەڵ یاریزانەکانم وەک ئێستا بووە. بەڵام لەوانەیە رۆژنامەڤانەکان نەیانویستبێت بیبینن. من شێوازی کاری خۆمم هەیە، ئەوەش هەموو کات، پێتان خۆش بێت یان ناخۆش، هەمان شتە بۆ من. من هەموو کات پەیوەندی نایابم لەگەڵ یاریزانەکانم هەیە. ئەمەم نەگۆڕیوە لەبەرئەوەی ئێمە یارییەک یان نازناوێکمان بردووەتەوە،، من تیپێکی ناوازەم هەیە کە یاریزانی کوالیتی بەرزی تێدایە، هەموو کات هەوڵمداوە باشترینیان لێ دەربهێنم، لە رووی تاک و کۆمەڵەوە گەشەیان پێ بدەم، ئەمە ئامانجی من بووە".
بەبڕوای راهێنەری پاریس سانجێرمان، عەقڵیەتی گەشەکردن خاڵێکی گرنگی تیپەکەی ئەوە، ئەو بۆچوونی وایە کە لە نێو سیستمێکی بەکۆمەڵدا، یاریزانی هەیە کە لەرووی ئاستی تاکییەوە زۆر بەرەوپێشچوون.
ئینریکێ دەڵێ، "عەقڵیەتی ئێمە بەوجۆرەیە کە دەزانین چۆن گەشە بەخۆمان بدەین. یارییکردن بەتاک و بەکۆمەڵ چۆن باشتر دەکەین. وەک تیپ دەتوانین چارەسەری کێشەکانی پێشووی خۆمان بکەین و ئاستمان بەرەو پێش ببەین. دێمبلی یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان لە وەرزی ئەمساڵدا، ئەگەر باشترینی وەرزەکە نەبێت. ئەو گۆڵ دەکات و ئەسیست دەکات، دەجەنگێت و بەرگری دەکات، ئەمە عەقڵیەتی راستەقینەیە، سەرکردە دەبێ بەو شێوەیە بێت و نموونەی ئەوانیدیکە بێت. زۆر جوانە کاتێک قسەی باش لەبارەی عوسمانەوە دەبیستمەوە، دەبیستم ئەو متمانەی زیاتر پەیدا دەکات و تواناکانی گەشە پێدەدات. وەک تیپ هەموو کات دەبێ هەوڵی بردنەوە بدەین".
نووسینەوەی مێژوو لەگەڵ پاریس، لووتکەی خەونەکانی ئەو راهێنەرەیە لەگەڵ یانەکەی، وەک ئەو دەڵێ، "پاڵنەری سەرەکیم لە یارییەکەی ئەمجارەدا دروستکردنی مێژووە لەگەڵ پاریس. ئەمە مانای دڵخۆشکردنی وڵات و شار و یانەیەکی ناوازە دەگەیەنێت. ئەوەی دیکە ئیدی خۆی بەشێکە لە کاروانەکەی من. هەستدەکەمە بەبەختم کاتێک خۆم دەبینم لێرەم و خۆم بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکەم، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرەکانمان".
لویس ئینریکێ، پێشتر لەگەڵ بارسێلۆنا نازناوی چامپیۆنزلیگی لە وەرزی 2014 - 2015 بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ