رووداو دیجیتاڵ
یانەی چێڵسی ئینگلیزی بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر یانەی ریال بێتیسی ئیسپانی بەدەستهێنا و نازناوی کۆنفرانسلیگی بردەوە.
یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە پۆڵەندا بەڕێوەچوو، دوای 9 خولەک یارییکردن عەبدولسەمەد زەلزولی گۆڵێکی بۆ یانە ئیسپانییەکە تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانەی ریال بێتیس کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا چێڵسی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، لە خولەکی 65 ئێنزۆ فێرناندێز ئەنجامەکەی بۆ لەندەنییەکان یەکسانکردەوە، دوای پێنج خولەک لەو گۆڵە نیکۆلاس جاکسۆن یانەکەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
لە خولەکی 83 جادۆن سانچۆ، بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یانەی بێتیسی هەژاند و چێڵسیی زیاتر لە بردنەوەی نازناوەکە نزیککردەوە.
لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا مۆسیس کایسیدۆ گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد، بلۆز یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و بووە پاڵەوان.
بەبردنەوەی ئەم نازناوە، چێڵسی بووە یەکەم یانە لە مێژووی ئەورووپادا هەموو نازناوەکانی ئەورووپا و مۆندیالی یانەکانی بردبێتەوە.
چێڵسی بەبردنەوەی ئەم نازناوە، خۆشییەکانی هاندەرانی دوو هێندە لێکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوایین گەڕی پرێمەرلیگدا، سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نۆتینگهام بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو و بەبردنەوەی ئەم نازناوەش کۆتایی بە وەرزەکەی هێنا و بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکاتە هەلێکی گەورە بۆ ئامادەبوونێکی بەهێز لە مۆندیالی یانەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ