دیاربەکر سپۆر ناوی خۆی بۆ کۆبانێ سپۆر دەگۆڕێت

29-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی کارگێڕیی یانەی دیاربەکرسپۆر، کە وەرزی رابردوو دابەزییە خولی پلە سێی تورکیا، بڕیاری دا لە وەرزی نوێدا ناوەکەی بۆ "کۆبانی سپۆر" بگۆڕێت. یانەکە رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە پاڵپشتییە بۆ پرۆسەی چارەسەری و پتەوکردنی برایەتی. دەنگۆ هەیە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕیارەکەی رەتکردبێتەوە، بەڵام یانەکە دەڵێت هیچ نووسراوێکی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە.
 
رۆژی 25ـی حوزەیرانی 2025، دەستەی کارگێڕیی یانەی دیاربەکرسپۆر لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری گۆڕی ناوەکەی بۆ کۆبانێ سپۆر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەم بڕیارە تەنیا گۆڕینی ناوێک نییە؛ بەڵکو لە هەمان کاتدا گوزارشت لەو باوەڕە بەهێزەیە کە بە پرۆسەی مێژوویی ئاشتی و ژیانەوەی یەکێتی و برایەتی لە ناوچەکەمان و وڵاتەکەمان هەمانە."
 
لە راگەیێندراوەکەی یانەکەدا ئەوەش هاتبوو: "ئەمڕۆ لە تورکیا پرۆسەیەکی مێژوویی ئاشتی بە ئامانجی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' لە ئارادایە. یانەکەشمان بڕیاریداوە پاڵپشتیی ئەم پرۆسەیە بکات کە تێیدا یەکێتی و برایەتی بەردەوام دەبێت و ئاشتیی ناوخۆیی پتەوتر دەکرێت و هەموومان پێکەوە بە گیانی فیداکاری و هاودەنگییەوە خزمەتی ئەم وڵاتە دەکەین."
 
دەستەی کارگێڕیی یانەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو ئامانجیانە لەڕێگەی ناوە نوێیەکەوە پەیامی ئاشتیی هەرێمی، برایەتی و هاودەنگی بگەیێنن و دەڵێت: "ناوی کۆبانی سپۆر، هەم واتایەکی مێژوویی هەیە و هەم وەک سیمبوولی ئیرادەی دروستکردنی پرد لەنێوان گەلاندا سەیر دەکرێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو: "ئەم بڕیارە دەرەنجامی باوەڕمانە بە هێزی یەکخستنی وەرزش؛ گوزارشتی دیدگایەکە کە یەکخەرە نەک جیاکەرەوە، لەخۆگرە نەک دوورخەرەوە. بە ناوە نوێیەکەمانەوە نەک تەنیا لەنێو یاریگە، بەڵکو لە بواری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیشدا بەردەوام دەبین لەسەر هەڵوێستی نموونەییمان." 
 
دوای بڕیارەکەی یانەی دیاربەکرسپۆر بۆ گۆڕینی ناو و لۆگۆی خۆی، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا (TFF) وەڵامی داوەتەوە و بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە.
 
بەڵام یانەی دیاربەکرسپۆر جەخت لەوە دەکاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەبارەی رەتکردنەوەی ناوی "کۆبانی سپۆر"ەوە لەلایەن فیدراسیۆنەوە بەدەست نەگەیشتووە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەکەن.
 
دیاربەکر سپۆر لە ساڵی 1968 دامەزرا. تاوەکو ساڵی 1975 لە خولی پلە سێی یانەکانی تورکیا یاری دەکرد. لە ساڵی 1976 لە خولی پلە دوو یاری کرد و هەمان ساڵ بووە پاڵەوان. لە ساڵی 1977-1980 لە خولی پلە یەکی یانەکانی تورکیا دەستی بە یاریکردن کرد. لە ساڵی 2000 گەیشتە خولی پلە نایابەکانی یانەکانی تورکیا، بەڵام لە 2010 بۆ خولی پلە دووی یانەکانی تورکیا دابەزی. لە 2019ـەوە لە خولی پلە سێ یاری دەکات. رەنگی درێسی فەرمیی یانەکە سوور و سەوزە. 
 
هەرچی ئامەد سپۆرە لە ساڵی 1972 دامەزراوە. لە وەرزی 2023-2024دا بووە پاڵەوانی خولی دووەمی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا و گەیشتە خولی پلە یەک. لە وەرزی 2024-2025 لە ریزبەندی نۆیەمی خولی پلە یەک بوو. دووجار بووە پاڵەوانی خولی سێیەم و سێ جار بووە پاڵەوانی خولی دووەمی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا. رەنگی درێسی فەرمیی یانەکە سپی و سوور و سەوزە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە