بریندار و شڵەژاو؛ بارسێلۆنا و ریال مەدرید بە دوای هاوسەنگیدا دەگەڕێن

29-11-2025
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا یانەی ریال مەدرید جیرۆنا ئالاڤێس هانزی فلیک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنای هەڵگری نازناوی وەرزی رابردوو و ریال مەدریدی پێشەنگی ریزبەندی ئەمساڵ، دوای هەفتەیەکی ناجێگیر، لە هەوڵی گەڕاندنەوەی متمانەدان، ئەمڕۆ شەممە کاژێر 18:15 بە کاتی باشووری کوردستان، تیپە کەتەلۆنییەکە میوانداری ئالاڤێس دەکات و سبەی یەکشەممە مێرێنگی دەبێتە میوانی جیرۆنا، ئەوەش لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی چواردەیەمی لالیگادا.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، بارسێلۆنا لە یاریگەی ستامفۆرد بریج، تووشی شکستێکی گەورە بوو بەرامبەر چێڵسی بە سێ گۆڵی بێوەڵام، لە بەرامبەردا ریال مەدرید شەوێکی سەختی بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆسی خاوەن یاریگە بەڕێکرد، بەو پێیەی سێ گۆڵی لێکرا، بەڵام سوپەر هاتریکەکەی کیلیان ئێمباپێ توانی ئەلۆنسۆ لە دۆڕان رزگار بکات و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
 
دوای شکستە قورسەکە لە لەندەن، هانزی فلیکی ئەڵمانی و راهێنەری بارسێلۆنا، بە شڵەژاوی دەرکەوت، نیگەرانی و نائومێدییەکی تەواوی پێوە دیاربوو، ئەو بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "دەبینم چۆن مەشق دەکەین، کوالێتی و چڕیی مەشقەکان، دۆخەکە بەتەواوی جیاوازە لەوەی کە نزیکەی شەش هەفتە لەمەوبەر هەبوو".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "یاریزانەکان لە پێکان دەگەڕێنەوە، ئەوەش ئاستی کوالێتی لە نێو یاریگەدا بەرز دەکاتەوە. هەستێکی باشم هەیە سەبارەت بەوە و گەشبینم".
 
یارییەکەی چێڵسی یەکەم یاریی ئەمساڵ بوو کە تێیدا بارسێلۆنا نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات. یەکێک لەو خاڵە ئەرێنییانەی فلیک پشتی پێ دەبەستێت و ئومێدی پێدەبەخشێت، گەڕانەوەی رافینیای بەرازیلییە، کە لەم دواییەدا تووشی پێکانببوو و وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری کردبوو دوای گەڕانەوەی لە پێکانەکەی، بەڵام رەنگە دەرفەتی زیاتری پێ بدات لە یارییەکەی ئالاڤێسدا وەک یاریزانی سەرەکی پشتی پێببەستێت.
 
فلیک لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا ئەوەی نەشاردەوە و گوتی، "دەتوانن ببینن کە من دڵخۆشم بە گەڕانەوەی رافینیا... مارکۆس راشفۆرد دوای تووشبوونی بە هەڵامەت ئەویش گەڕاوەتەوە، پێدریش دەتوانێت بەشداری لە چەند خولەکێکی یارییەکە بکات".
 
سەرەڕای ئەو شکستە گەورەیەی لەسەر ئاستی چامپیۆنزلیگ تووشی بوو، بارسێلۆنا هەوڵدەدات لەسەر بوژانەوەی ئاستی لە خولی ناوخۆدا بەردەوام بێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە یاریگەی کامپ نو سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ئاتلێتیک بیلباو بەدەست هێنا بە چوار گۆڵی بێوەڵام و سوودی لە یەکسانبوونی ریال مەدرید بەرامبەر ئێڵچی 2-2 وەرگرت، جیاوازییەکەی لەگەڵ پێشەنگی خولەکە بۆ تەنیا خاڵێک کەمکردەوە.
 
بە بردنەوە بەرامبەر ئالاڤێس، بارسێلۆنا دەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەی 24 کاژێر، بەشێوەیەکی کاتی پێشەنگی ریزبەندی بگرێت.
 
یانەی شاهانە لە باشترین رۆژەکانیدا نییە، چونکە لە چوار یاریی کۆتاییدا تەنیا یەک جار براوە بووە، ئەوەش دوای شکستەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول 1-0 لە چامپیۆنزلیگ و یەکسانبوونە بێ گۆڵەکەی بەرامبەر رایۆ ڤایکانۆ پێش ماوەی هەفتەی فیفا.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، دوایین سەرکەوتن بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆس کەمێک متمانەی بۆ تیپەکە گەڕاندەوە، بەتایبەتی دوای درەوشانەوەی ئێمباپێ و تۆمارکردنی چوار گۆڵ، کە کۆی گۆڵەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا گەیاندە 9 گۆڵ و پێشەنگی گۆڵکارانی گرت.
 
یارییەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیە رەنگە بارودۆخی لالیگا بگۆڕن. بارسێلۆنا هەوڵدەدات لە رووبەڕووبوونەوەی ئالاڤێسدا بگەڕێتەوە سەر رێچکەی بردنەوە، لەکاتێکدا ریال مەدرید رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قورستر دەبێتەوە. دوای ئەم دوو یارییە، وێنەیەکی روونترمان دەبێت سەبارەت بە پێگەی هەردوو تیپەکە لە رکابەریی بەدەستهێنانی نازناوەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە