رووداو دیجیتال
تیپی بالەی یانەی هەولێر دوای تەواوبوونی یارییەکانی گردبوونەوەی قۆناخی هەشتی خولی بالەی نایابی عێراق، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و دەیەوێت نازناوی وەرزی ئەمساڵ بباتەوە.
یارییەکانی قۆناخی هەشت بە بەشداری 10 یانەیە کە ئەمانەن : مەسافی شیمال، غازی جنووب، مەسافی ناوەڕاست، هەولێر، نەینەوا، دەغارە، پێشمەرگەی سلێمانی، میقدادیە، ئەهوار، حەدیسە.
لەو قۆناخەدا یانەکان یارییەکانیان لە سێ گردبوونەوەدا ئەنجامداوە، گردبوونەوەی یەکەم لە سلێمانی بوو، گردبوونەوەی دووەم لە بەغدا و گردبوونەوەی سێیەم لە نەجەف بوو، چاوەڕان دەکرێت گردبووەنەوەی سێیەم و کۆتایی لە شاری هەولێر بێت، بۆ ئەوەی چوار یانەی پێشەنگی ریزبەندی بۆ گەیشتن بە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین دیاری بکرێت.
دوای تەواوبوونی سێزدە گەڕ لە یارییەکانی قۆناخی هەشت یانەی هەولێر 12 یاریی بردووەتەوە و ئاستێکی بەرز لە خولەکەدا پێشکەش دەکات، تیپەکە سێ بەشی یاریزانەکانی کوردن تەنیا یاریزانێکی پیشەگەری مۆنتینگرۆی و دوو یاریزانی عەرەبی هەن، ئەوان دەیانەوێت وەرزی ئەمساڵ نازناوەکە ببەنەوە.
کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری بالەی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "ئەمساڵ دوای 43 ساڵ خزمەتکردن بەیانەی هەولێر وەک یاریزان و ئێستاش وەک راهێنەر دەمەوێت نازناوی خولەکە ببەمەوە، هەموو یاریزانەکانم بە رۆحیەتێکی گەورە یاری دەکەن و من وەک باوک و هاوڕێ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم، ئێمە وەک ماڵباتێک رەفتار دەکەین".
یانەی هەولێر لە مێژووی یارییەکانی خولی نایابی عێراق جارێک نازناوەکەی بردووەتەوە، دووجاریش بە نوێنەرایەتی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی کردووە، ئەمساڵ تیپێکی بەهێزی هەیە و دەیەوێت دووەم نازناو بخاتە سەر دەسکەوتەکانی یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ