رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاری دەکات.
بارسێلۆنا لە بارودۆخێکی زۆرباشدایە، دوای ئەوەی دوایین یاریی لە ریال مەدرید بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا، یانەکە دەیەوێت سوود لەو دڵخۆشییەی وەربگرێت بۆ ئەوەی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بە ورەیەکی بەرزەوە دەربکەوێت و یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، لەپێناو ئەوەدا کە لە یاریی گەڕانەوەدا لە میلانۆ رووبەڕووی زەحمەتیی زۆر نەبێتەوە.
بۆ یارییەکەی ئەمشەو رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و ئەلیخاندرۆ بالدێ بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن، بەڵام فلیک تیپێکی بەهێزی لەبەردەستە و دەیەوێت رکابەری بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
بارسێلۆنا لە 14 یارییدا بەرامبەر ئینتەرمیلان تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە و هیچ یەکێک لەو دۆڕانانەی لە یاریگەی خۆیدا نەبووە، بەپشتبەستن بەو مێژووەی بەرامبەر یانە ئیتاڵییەکە هەیەتی، بلاوگرانا چاوی لە بردنەوەیە.
یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە یاریگەی جۆزێپی میازا بەڕێوەدەچێت و یەکێک لە هەردوو یانە دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لەنێو دۆخێکی ئاڵۆز و زەحمەتدا خۆی بۆ یاریی ئەمشەوی بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادەکردووە و دەیەوێت ئەوەی لە ماوەی رابردوودا روویدا لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
نیزارۆی بۆ ئەوەی دووربێت لە چاوی میدیاکانی ئیسپانیا، دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ ئەم یارییە هەر لە ئیتاڵیا ئەنجامدا و تەنیا بۆ گرتنی وێنەی یادگاری چووە یاریگەی بارسێلۆنا.
ئینتەرمیلان لە سێ یاریی رابردوودا لەسەر ئاستی ناوخۆ لە جامی ئیتاڵیا دەرکرا و دوو یارییشی لە سێری ئادا دۆڕاند، لە هەر سێ یارییەکەدا نیرازۆری هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکرد، ئەمە گۆمانی لەسەر ئاستی تیپەکە دروستکردووە و بووەتە هۆکاری ئەوەی هاندەرانی یانەکە ترسیان لەوە هەبێت یانەکە ئاستێکی بەرز پێشکێشبکات.
مارکۆ تۆرام، گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی یانەکە و لە دوایین ئامادەکارییەکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی مەشقی کردووە و ئامادەیە، بەڵام بێنیامین پاڤار و ڤالێنتین کاربۆنی پێکانیان هەیە و یاری ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ