بەڕێوەبەری خولی سعودیە: چاومان لە گرێبەستکردنە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ

12-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خولی سعودیە کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مایکڵ ئیمینالۆ، بەڕێوەبەری نوێی تۆپی پێی خولی سعودیە ئاشکرایکردووە خولەکە چاوی لە بردنی دیارترین یاریزانە بەهرەمەندەکانی سەر ئاستی جیهانە بۆ یانەکانی خولەکە، لە نێویاندا ئەستێرەی گەورەی وەک کیلیان ئێمباپێ.
 
ئیمینالۆ، قسەی بۆ میدیا کردووە، دەڵێ ویستی گەورەی خولەکە ئەوەیە دیارترین بەهرەمەندەکان لەسەرئاستی جیهان لە خولەکەدا یاریی بکەن، لە نێویاندا ئەستێرەی گەورەی وەک هاری کەین، کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
لە وەڵامی قسەکانی یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول کە ترسی خۆی لە باڵادەستبوونی خولی سعودیە دەربڕیبوو و گوتبووی "باڵادەستیی و هەژموونی ئێستای سعودیە ناوازەیە، سەرئێشە گەورەکە بۆ ئەوروپا ئەوەیە کە ماوەی گواستنەوە لە خولی سعودیە، لە ماوەی گواستنەوە لە خولە ئەوروپییەکان درێژترە"، بەڕێوەبەری خولە سعودییەکە دەڵێ، "پێموانییە خراپ بێت، بیستوومە ئەوان ئێمە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە ئێمە تەگەرە دەخەینە بەردەم پیشەسازیی تۆپی پێ، بەڵام من بەسانایی بڵێم، ئێمە پیشەسازییەکە پەکدەخەین، راستە... بەڵام پەکی دەخەین بۆئەوەی بەهای زیاتری بدەینێ و باشتری بکەین".
 
مایکڵ ئیمینالۆ، هەروەها دەڵێ، "وڵاتانی دیکەش هەن کە کۆتاییهاتنی ماوەی گواستنەوەی یاریزانانیان دواخستووە، ئەمە شتێک نییە جێگەی بایەخ بێت. چونکە یاریزانەکان تەماشای بازاڕی گواستنەوە دەکەن لەگەڵ نوێنەرەکانیان و ئەو شوێنە دیاریی دەکەن کە دەیانەوێت بۆی بڕۆن، ئەگەر لیڤەرپوول توانای پاراستن و هێشتنەوەی یاریزانەکانی خۆی هەیە، پێویست بەدڵەڕاوکە ناکات لەبارەی دواخستنی کۆتاییهاتنی ماوەی گواستنەوەی یاریزانان لە تورکیا، یان رووسیا یان خولی سعودیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە