رووداو دیجیتاڵ
گەورەترین دوو کێشە کە لە مێرکاتۆی ئەمساڵدا بەرۆکی بارسێلۆنایان گرتووە، نەدۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ دەرچوونی هەردوو یاریزانی، ساموێل ئومتیتی و ریکی پوچ لە یانەکە، کە ئەو دووانەیە بوونەتە بەڵا بۆ یانەکە.
ساموێل ئومتیتی و ریکی پوچ ئاڵۆزترین دوو حاڵەتن، کە بارسێلۆنا لە مێرکاتۆیە سەرکەوتووەکەی ئەم هاوینەیدا رووبەڕوویان دەبێتەوە، چونکە نازانێت چۆن بەڕێیان بکات، لە کاتێکدا هەندێک یاریزان لە رۆیشتن لە یانە کەتەلۆنییەکە نزیک دەبنەوە.
یانەی بارسێلۆنا هەوڵدەدات دەستبەرداری ژمارەیەک یاریزانی بێت لەم ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بۆ بوژاندنەوەی خەزێنەی یانە کەتەلۆنییەکە، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانێت گرێبەستە نوێکانی تۆماربکات.
رۆژنامەکانی ئیسپانیا پشتڕاستیان کردەوە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مینگوێزا لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی سێلتاڤیگۆ و نێتۆ لە چوون بۆ ناپۆلی لە ئیتاڵیا، هەروەها بیرکردنەوەی برایتوایت لە جێهێشتنی ریزەکانی بارسا، پرسەکانی بەرگریکاری ناوەڕاستی فەرەنسا و یاریزانە ئیسپانییەکە هێشتا ئاڵۆزن.
بارسێلۆنا دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت لە ئومتیتی رزگاری بێت، لە کاتێکدا سەبارەت بە ریکی پوچ، یانەکە هەوڵدەدات یارمەتی بدات تیپێک بدۆزێتەوە کە لەگەڵیدا زیاتر یاری بکات.
ئومتیتی چەندین دەستەوارەی لە یانەکانی تورکیاوە بۆ هاتووە، بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە پێی باش نییە بچێتە ئەو خولە، ئەو خوازیارە بگەڕێتەوە فەرەنسا لە رێگەی یانەکەی پێشووی ئۆڵۆمپیک لیۆنەوە، بەڵام زۆری مووچەی ئەو یاریزانە رێگرە لەبەردەم ئەو گەڕانەوەیەدا.
سەبارەت بە ریکی پوچ، یانە کەتەلۆنییەکە هیوادارە شوێنێکی گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە لە تیپەکەدا، بەڵام بەهۆی گرێبەستەکانی ئەم دواییە، ئەوە قورس دەبێت، بەتایبەتیش هاتنی فرانک کیسێی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی کوتدیڤواری بۆ نێو پێکهاتەکەی چاڤی هێرناندێز.
گرنگیدان بەو یاریزانە لەلایەن ئەو تیپانەوە دێت کە توانایەکی زۆریان نییە، ئەمەش گەرەنتی گەشەکردنی ریکی پوچ ناکات، کە بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ ماوەی وەرزێک بە خواستن بینێرێتە یانەیەکی باش بۆ ئەوەی بە ئەزموونی زیاتر بگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ