رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فێناربەخچەی تورکی دەیەوێت یاریزانێکی ریال مەدرید بگوازێتەوە ریزەکانی یانەکەی. چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی شاهانەش لاری نییە لەوەی یاریزانەکەی بداتە مۆرینیۆی راهێنەری پێشووی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێ، جوڵەکان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا چڕتر بوونەتەوە، لەکاتێکدا یانە ئەورووپییەکان هەوڵدەدەن دۆسێیە هەڵپەسێردراوەکانیان پێش داخستنی بازاڕی هاوینە یەکلایی بکەنەوە.
یەکێک لەم حاڵەتانە دەرکەوتنی باسی ئەگەری گواستنەوەی داڤید ئالابای بەرگریکارە ئەزمووندارەکەی ریال مەدریدە بۆ شوێنێکی چاوەڕواننەکراو، دوای ئەوەی نیشانەکانی دەرچوونی لە پلانی هونەریی یانەکە بەڕوونی دەرکەوتن.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان، یانەی فێناربەخچەی تورکی بە راهێنەرایەتیی پۆرتوگالی جۆزێ مۆرینیۆ، گرنگی بە گواستنەوەی داڤید ئالابا دەدات لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا. ئامانجی یانە تورکییەکە ئەوەیە بەخۆڕایی گرێبەستی لەگەڵدا بکات، بەو مەرجەی یاریزانەکە رازی بێت مووچەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی 'دیفێنسا سێنتراڵ، ریال مەدرید بیرۆکەی دەستبەرداربوون لە ئالابا لەم هاوینەدا لا پەسەندە، بەبێ دروستکردنی هیچ گوشارێک و وەک رێزێک بۆ مێژوو و کاروانی لەگەڵ یانەکەدا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کارگێڕیی یانەکە لەوە دڵنیایە کە ئاستی وەک سەرەتای یاریکردنی لە 'بێرنابیۆ' نەماوە، بەتایبەتی دوای ئەو زنجیرە پێکانانەی کە بەڕوونی کاریگەرییان لەسەر ئامادەیی جەستەیی کردووە.
ئالابا کە تەمەنی 33 ساڵە، گرێبەستێکی لەگەڵ یانەکەدا هەیە تاوەکو حوزەیرانی 2026 و مووچەی ساڵانەی 22 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش رۆیشتنی بۆ هەر یانەیەک کە نەتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات، ئاڵۆز دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ئالابا لە پلانەکانی راهێنەری نوێ، چابی ئەلۆنسۆدا نییە، کە دەیەوێت بە هێنانی خوێنێکی نوێی ئامادەتر و جێگیرتر لەڕووی جەستەییەوە، هێڵی بەرگریی یانەکە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئالابا لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ بەرپرسانی ریال مەدرید کۆببێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی داهاتووی و تاوتوێکردنی بژاردەکان. سەبارەت بە مۆرینیۆش، ئەو لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، بەڵام دەزانێت کە ئەم گرێبەستە پێویستی بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان هەیە، بەتایبەت کە خواستی یاریزانەکە تاوەکو ئێستا مانەوەیە لە مەدرید تا کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی.
رۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن و لەوانەیە سوپرایزی چاوەڕواننەکراویان تێدابێت سەبارەت بەم دۆسێیەیە، کە میدیا و هاندەران بەوردی چاودێری دەکەن، بەهۆی گرنگیی ناوەکە و ئەزموونە دوورودرێژەکەی لە یاریگاکانی ئەورووپادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ