شەڕ کەوتە نێو ماڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

30-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆرجینا رۆدریگز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەیەکی بەنێوبانگی ئیسپانی، نهێنییەکی نێوماڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دایکی کریس کێشەی لەگەڵ جۆرجینای دۆستی کریس هەیە".
 
زۆر کچ هەبوون لە ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا، کە هەندێکیان چەندین تۆمەتیان بۆ هەڵبەست و خەریکبوو لە خشتەی ببەن و لە کۆتاییپێهێنانی ژیانیی وەرزشی نزیک بکەنەوە و هەندێکیشیان بوونە خێر بۆ ئەو یاریزانە و بوونە هۆکاری ئەوەی کریستیانۆ تاوەکو ئێستاش، کە تەمەنی 36 ساڵە لە بەرزترین ئاستی یاریکردندا بمێنێتەوە، بەتایبەتیش جۆرجینا رۆدریگز، کە لەدوای جیابوونەوەی رۆناڵدۆ لە ئێرینا شایکی کچە مۆدێل و نمایشکری رووسی، پەیوەندی لەگەڵیدا بەستووە و پێکەوە بەختەوەر دەردەکەون.
 
ئەگەرچی ماریا دۆلۆرێس ئەڤیێرۆی دایکی رۆناڵدۆ و جۆرجینا لە چەندین بۆنە پێکەوە دەرکەوتوون و دیمەنەکان وایاندەرخستووە کە پەیوەندی نێوانیان زۆر باشە، بەڵام رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان دۆلۆرێس و جۆرجینا و دەڵێت "دایکی رۆناڵدۆ بە هیچ شێوەیەک رازی نییە، کوڕەکەی ژیانی هاوژینی لەگەڵ جۆرجینا پێکبهێنێت، چونکە پێیوایە ئەو خانمە لەبەر  هۆکاری دارایی دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکەی بکات، بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆر لە سامانی کریستیانۆ بۆ ئەو بێت".
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، واپێدەچێت رۆناڵدۆ لەگەڵ جۆرجینای بەڕەچەڵەک ئەرجەنتینی زۆر دڵخۆش و ئاسوودە بێت، کە لەگەڵیدا لە شاری مانچێستەر دەژیت و زۆر بایەخ بە 4 منداڵەکەی دۆن دەدات، کە بریتین لە هەریەک لە کریستیانینۆ جۆنیۆر، ئێڤا، ماتیۆ و ئالانا.
 
وەک مارکا ئاشکرایدەکات، جۆرجینا چاوەڕێی داواکاری کریستیانۆیە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری بکەن، بەڵام خێزانەکەی دۆن بەربەستن لەبەردەم ئەو کارەدا، بەتایبەتیش ماریا دۆلۆرێس ئەڤیێرۆی دایکی رۆناڵدۆ، کە بە هیچ شێوەیەک رازی نییە کوڕەکەی ژیانی هاوژینی لەگەڵ جۆرجینا پێکبهینێت.
 
هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی دیکەش، دووپاتی دەکەنەوە کە دایکی رۆناڵدۆ رازی نییە ئەو دووانە ژیانی هاوژینی پێکبێنن، چونکە دڵنیایە لەوەی کە جۆرجینا دەیەوێت بەم هەنگاوە سوود لە سامانی رۆناڵدۆ وەربگرێت.
 
بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، کچ و کوڕانی ئەڤیێرۆش هاوڕان لەگەڵ دایکیان و رازی نین رۆناڵدۆ ئەو کارە بکات، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا رۆناڵدۆ ئەمجارەش دەکەوێتە ژێر فەرمانی دایکی؟ کە پێشتریش هەر بە فەرمانی ئەو لە ئێرینا شایک جیابووەوە، یان ئەمجارە گوێ لە دڵی رادەگرێت و لانی کەم دایکی بەوە رازی دەکات، رێگەی پێبدات هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینا بکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەوە ناسراوە کە دایکی خۆی زۆر خۆشدەوێت و زۆر رێزی لێدەگرێت، چونکە ماریا دۆلۆرێس ئاڤیێرۆ بۆ کوڕەکەی و خوشک و براکانی هەمیشە وەک دایک و باوک بووە، بەهۆی ئەوەی باوکیان زوو مردووە، ئەو زۆرجار لەگەڵ رۆناڵدۆ ئامادەی بۆنە گرنگەکان دەبێت، هەمیشە دیمەنەکان وانیشاندەدەن کە کریس زۆر رێز لە دایکی دەگرێت و زۆر بایەخی پێدەدات، تەنانەت ئەوکاتەی نەخۆش کەوت رۆناڵدۆ بێ دوودڵی گەڕایەوە پۆرتوگال و لە نەخۆشخانە لای مایەوە.
 
تەنانەت کاتێک کریس پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئێرینا شایکی خانمە شۆخ و شەنگی رووسی پێکهێنا، لە هەموو جیهاندا دەنگیدایەوە، ئیدی رۆناڵدۆ ماوەیەک لەگەڵ شایکدا لە باشترین و خۆشترین کاتەکانیدا بوو، بەڵام کێشە کەوتە نێوان ئێرینا شایک و دایکی رۆناڵدۆ، گەیشتە ئەوەی درز بخاتە نێو پەیوەندی خانمە رووسییەکە و رۆناڵدۆ، ئێرینا داوای دەرکردنی دایکی رۆناڵدۆی کرد و دۆنیش رەتیکردەوە و لەبری دایکی شایکی دەرکرد و پەیوەندی ئەو دووانە کۆتاییهات.
 
ساڵی 2017 رۆناڵدۆ ناوی خۆشەویستە نوێیەکەی ئاشکرا کرد، جیۆرجینا رۆدریگێزی خانمە نمایشکاری شۆخ و شەنگی ئەرجەنتینی، دوای ماوەیەکی کورت، کچە هاوڕێکەی رۆناڵدۆ منداڵێکی بوو، دوای ئەوە دوای زیاتر لە ساڵێک دووانەیەکیان بوو.
 
دەگوترێت رۆدریگێز خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە و هۆکاری سەرکەوتن و ئاستبەرزی رۆناڵدۆیە، کریستیانۆ زۆری خۆشدەوێت و لە هەر چوونە دەرەوەیەکیدا بەبێ جیۆرجینا ناڕوات، چونکە هەم بۆ منداڵەکانی هەم بۆ خۆی و هەم بۆ دایکی رۆناڵدۆش زۆر باشە، ئەمەش زۆر بە دڵی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە