رووداو دیجیتاڵ
کیڤن پرێنس بواتینگی یاریزانی وازهێناو ئاشکرایکردووە هیچ یاریزانێک بەبێ رەزامەندیی لیۆنێل مێسی، نەدەبووە یاریزانی بارسێلۆنا.
بواتینگی گانایی لە چاوپێکەوتندا ئاشکرایکردووە، کاتێک ساڵی 2019 چووەتە بارسێلۆنا، تەنیا ئەوکاتە یانەکە گرێبەستیان لەگەڵدا کردووە، کە مێسی بەگرێبەستەکە رازی بووە.
بواتینگ دەڵێ، هەموو لایەنەکان رەزامەندییان لەسەر گواستنەوەکە دەربڕی، بەڵام لە کۆتاییدا دەبوو مێسیش رازی ببێت، بۆئەوەی گرێبەستەکە بکرێتە فەرمی. ئەو دەڵێ، لەسەر گرێبەستەکەی من، ناڕازی نەبوو.
بواتینگ زیاتر گوتویەتی، "راستە من نزیکبووم لە بارسێلۆنا، بەڵام ئەگەر بیگوتایە نا، گرێبەستەکە نەدەکرا".
ئەو زیاتر روونیکردووەتەوە و دەڵێ، "ئیریک ئەبیدالی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا منی دەویست. جۆزیپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆک بەهەمان شێوە، تەنانەت ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردیی راهێنەریش".
زیاتر دەڵێ، "لەبەرئەوەی هەمووان منیان دەویست، گوتم زۆر باشە با گرێبەستەکە واژۆ بکەین، بەڵام گوتیان راوەستە، ئێمە دەبێ سەرەتا پرس بە مێسی بکەین، دوای ئەوە گرێبەستەکە دەکرێت".
بوایتنگ دەڵێ، مێسی دەسەڵاتی هەبوو لە بڕیارەکەدا.
بواتینگ ساڵی 2019 پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد بەشێوەی خواستن، بەشداریی لە تەنیا چوار یارییدا کرد و هیچ گۆڵێکی بۆ یانەکە تۆمارنەکرد.
ئەوە یەکەمجار نییە باس لە دەسەڵات و توانای مێسی لە بڕیاردان لە گرێبەست و هێنانی یاریزانان لە رۆژانی یارییکردنی لە بارسێلۆنا دەکرێت. بەڵام یەکەمجارە کەسێک بەو ئاشکراییە رووداوەکان روون بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ