تایبەت بە رووداو سپۆرتس: بڕیار لە چارەنووسی خولی ئەستێرەکانی عێراق درا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق یەکێتیی تۆپی پێی عێراق
A+ A-
رووداو بەغدا

 

بە رەزامەندیی 11 یانە لە کۆی 20 یانە، یەکێتیی تۆپی عێراق چارەنووسی خولی ئەستێرەکانی عێراقی دیاریکرد و بڕیادرا خولەکە  بۆ وەرزی 2025-2026 بەردەوام بێت، لەگەڵ رێگەدان بەهەر یانەیەک بۆ زیادکردنی 5 یاریزان، بەو مەرجەی 2 لەو یاریزانانە پیشەگەر بن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ نوێنەری یانە بەشداربووەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆبووەوە و دوو پێشنیاز خرانەڕوو بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خولەکە لەم وەرزەدا، کە یەکەمیان بەردەوامیدان بوو بە خولەکە لەسەر شێوازی خۆی، بەمەرجێک لە هەر چوار رۆژدا گەڕێکی یارییەکان بەڕێوەبچن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دوای وەرگرتنی وەڵامی یانەکان بڕیاریدا پێشنیازی یەکەم جێبەجێبکات، چونکە 11 لەو یانانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون دەنگیان لەسەر پێشنیازی یەکەم داوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە نووسراوێکدا کە دەست رووداو سپۆرتس کەوتووە، نووسیویەتی "ئاماژە بەو کۆبوونەوە هاوبەشەی کە لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک و نوێنەرانی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە رێکەوتی 27ـی12ـی2025 ئەنجامدرا، کە تێیدا رێککەوتن کرا لەسەر ناردنی دوو پێشنیاز بۆ یانەکان تاوەکو یەکێکیان هەڵبژێرن و بەنووسراوی فەرمی بڕیارەکمان پێ رابگەیەنن. دوای گەیشتنی وەڵامی یانەکان بە نووسراوی فەرمی، ئەنجامەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:-
 
هەڵبژاردنی پێشنیازی یەکەم، کە بریتییە لە بەردەوامبوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی 2025-2026، لەگەڵ رێگەدان بە هەر یانەیەک بۆ زیادکردنی 5 یاریزان، بەو مەرجەی کە 2 یاریزانیان پیشەگەر بن (بە زۆرترین کات) و 3 یاریزانیان ناوخۆیی بن، هەروەها دەکرێت یەکێک لە یاریزانە پیشەگەرەکان گۆڵپارێز بێت.
نەهێشتنی مەرجی ریزبەندیی نێودەوڵەتیی هەڵبژاردەکان بۆ یاریزانە پیشەگەرەکان
هێشتنەوەی ژمارەی یاریزانە پیشەگەرەکان لە ناو یاریگادا بە 6 یاریزان.
 
لە درێژەی نووسراوەکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقدا هاوتووە "ئەم بڕیارە بەئامانجی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کێبڕکێکانی خولە لە ماوەی بانگهێشتکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ ئامادەکاری بۆ دوایاریی لە پاشکۆی جیهانیی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، کە لە ناوەڕاستی مانگی ئادارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 1ـی4ـی2026  بەردەوام دەبێت، کە لەو ماوەیەدا یانەکان 3 سێ گەڕ ئەنجام دەدەن".
 
هەروەها لە نووسراوەکەدا هاتووە "رەچاوی بەشدارییکردنی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی لە یارییەکانی کۆتایی جامی ئاسیای تەمەن ژێر 23 ساڵ بۆ ساڵی 2026 کراوە".
 
یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەڵێت "پێشنیازی یەکەم لەلایەن 13  یانەوە دەنگی پێدراوە، لەکاتێکدا 2 دوو یانە پشتگیریی پێشنیازی دووەمیان کردووە و  یانەیەک هەردوو پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە و یانەیەکیش رەزامەندیی خۆی لەسەر هیچ کامێکیان دەرنەبڕی.
لەبەر ئەوە، پێویستە مەکتەبی جێبەجێکار لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر گۆڕینی پەیڕەوی پێشبڕکێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەو هەموارکردنانەی کە زۆرینەی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق رەزامەندییان لەسەر داوە لەڕووی ژمارەی یاریزانە تۆمارکراوەکان، ژمارەی یاریزانە پیشەگەرەکان و زیادکردنی گۆڵپارێزێکی پیشەگەر لە کاتی پێویستدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە