رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە میونشن لە ئەڵمانیا، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنای تایبەت بە یانەی بایرن میونشن بەڕێوەدەچێت، 70 هەزار هاندەر دەتوانن لە یاریگەکەدا سەیری یارییەکە بکەن و یەکێک لە جوانترین یاریگەکانی ئەورووپا و ئەڵمانیایە و 340 ملیۆن دۆلار لە دروستکردنیدا خەرجکراوە.
هەموو ئامادەکارییەک بۆ یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئەورووپا کراوە، لە دەرەوەی یاریگە، چالاکی جیاواز بۆ هاندەرانی هەردوولا و ئەوانەی بۆ سەیرکردنی یارییەکە دەچن ئامادەکراو، جامێکی گەورەی چامپیۆنزلیگ دانراوە و هاندەران وێنەی یادگاریی لەگەڵ دەگرن.
رۆژی هەینی و رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی یاریی کۆتایی، هەزاران هاندەر چوونە ڤان فێست لە پارکی ئۆڵیمپی میونشن، کە تایبەت کراوە بە چالاکییەکانی یارییەکە و کاتی خۆشیان لەنێو فێستیڤاڵەکەدا بەڕێکرد.
ئەمە جاری پێنجەمە یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتی ئەورووپی لە میونشن بەڕێوەدەچێت، نۆتینگهام فۆرێست لە 1979، مارسیلیا لە 1993، دۆرتموند لە 1997 و چێڵسی لە 2012 لەوێ جامی پاڵەوانێتییەکەیان بەرزکردووەتەوە و ئەمشەو یەکێکی دیکە لە پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان جامە دوو گوێیەکە بەرزدەکەنەوە.
یاریزانانی هەردوو یانە لە دوو کاتی جیاوازدا، لەسەر یاریگەی ئالیانز ئەرێنا دوایین مەشقەکانی خۆیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا. ئەستێرە و یاریزانە سەرەکییەکانی هەردوو تیپ، بۆ رووبەڕووبوونەوەکە ئامادەن.
هەردوو یانە بەکۆمەڵێک وێستگەی جیاوازدا گوزەریان کرد، بەرلەوەی بگەنە میونشن.
پاریس سانجێرمان هێشتا هەر خاوەنی خەونە گەورەکەی خۆیەتی، خەونی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆیدا.. ئەو خەونەی ساڵانێکی زۆرە یانەکە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی دەدات و تاوەکو ئێستا پێی نەگەیشتووە.
سانجیرمان ئەمجارەیان، لە منداڵدانی ئازارێکی گەورەوە خەونەکەی گەیاندووەتە دوا وێستگە، ئازار و سترێس و گوشاری زۆر لەسەرەتای پاڵەوانێتییەک، کە پاریس تێیدا بەدۆخی زۆر جیاوازدا گوزەری کرد و زۆری نەمابوو لە قۆناخی یەکەمیدا ماڵئاوایی بکات، کاتێک کەوتە پاشکۆی گەیشتن بەقۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
بۆ پاریس، ئێستا ئیدی هەموو شت لەبیرکراوە، چونکە شەمەندەفەرەکە لە دوا وێستگەدا لە میونشنە و گەیشتن بەجامەکە تەنیا چەند مەترێکی کەمی ماوە.
عوسمان دێمبلی، یاریزانی پاریس سانجێرمان، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "شانازین بەوەی گەیشتووینەتە کۆتایی. کاری زۆرمانکرد، ئاسان نەبوو.. بەتایبەت لەبەشی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا. بەڵام ئێمە دینامیکیەتی خۆمان گۆڕی، بەتایبەت لە بەشی دووەمی وەرزەکەدا، ناوازەیە کە دەبینین لێرەین، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.. ئەوپەڕی توانای خۆمان، بەڵام بەدڵخۆشییەوە بۆبردنەوە دەخەینە کار.. گرنگترین شت بۆ یاریزانانی سانجێرمان بردنەوەی چامپیۆنزلگە، من تەنیا بیرکردنەوەم لای تیپەکەمە، نەک شتێکی دیکە".
دوو وەرز لەمەوپێش، ئینتەرمیلان بەئازارەوە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەی دۆڕاند، ئەوکات بەرامبەر مانچێستەر سیتی، هەموو شت لەبەرژەوەندی یانە ئیتاڵییەکە بوو، تەنیا ئەنجامەکە نەبێت..
کاروانەکەی ئینتەرمیلان لە وەرزی ئەمساڵدا، کاروانی باوەڕپێنەکردن و متمانە بوو.. ئەو تیپەی تاوەکو قۆناخەکانی کۆتاییش کەس وەک بەربژێر ناوی نەدەهێنا، لێبڕاوانە بەسەر پێشبینی و بەختی خۆیدا راپەڕی و بەسەر تیپە پڕ ئەستێرەکاندا سەرکەوت.. ئەو تیپانەی زۆر زوو وەک بەربژێر ناویان دەهێنرا، بەڵام هیچیان پێنەبڕا.
نیکۆلۆ بارێلا، یاریزانی یانەی ئینتەرمیلان، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "ئەوان هێڵێکی ناوەندی بەهێزیان هەیە، بەڵام تیپەکە هەموو بەهێزە. ئاساییە کە دڵی تیپ، هێڵی ناوەڕاستە، بەڵام ئێمە هێزمان لە یەکدەستیماندایە. بەرامبەر بارسێلۆنا پێشانماندا ئەوە مانای چی، چونکە بەبێ کۆمەڵەیەکی بەهێز، ناتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنیت... ئێمە ئامادەین و رێزی زۆری رکابەرەکەمان دەگرین. ئەوان زۆر بەهێزن، بەڵام دەبێ هەوڵی زۆر بدەین، چونکە ئێمە شایستەی بوون لە یاریی کۆتاییین بەهۆی ئەو ئاستە ناوازەیەوە کە پێشانمانداوە".
لە کۆتایی شەوەکەدا، یارییەکە ئەنجامدەدرێت.. دەگاتە کۆتایی.. پاڵەوانێک دەناسێنێت، دەکرێ پاڵەوانێکی دێرینە بێت و بیهێنێنەوە سەر سەکۆی جامەکە، دەشکرێ پاڵەوانێکی نوێ بێت، کە هەرگیز ئەو ستەیجەی لەپاڵ جامەکەدا بەخۆوە نەبینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ