ئەریگۆ ساکی: ئینتەرمیلان تەنیا چەپڵەی بۆ پاریس لێدەدا

02-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی پاریس سانجێرمان یانەی ئینتەرمیلان ئەریگۆ ساکی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەریگۆ ساکی، راهێنەری بەناوودەنگی ئیتاڵی، هێرشی تووندی کردە سەر ئاستی ئینتەرمیلان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، گوتی ئەوە وانەیەکی قورس بوو لەلایەن ئینریکێوە بۆ ئینتەرمیلان و راهێنەرەکەی.
 
ئینتەرمیلان لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا، بەپێنج گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕا و یانە پاریسییەکە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی ئەو پاڵەوانێتییەی بردەوە.
 
ساکی، لە چاوپێکەوتنێکدا کە هەڵسەنگاندنی بۆ یارییەکە کردووە تێیدا، دەڵێ، "بابەتەکە پەیوەندی بەیەک یاریزانەوە نییە، بەڵکو بەتۆپی پێ و لێکدانەوەی تۆپی پێوە هەیە، تۆپی پێ بریتییە لە رێکخستنێکی ورد، جووڵەی هاوئاهەنگ کە دەکرێ ببێتە جووڵەی جوان لە رێگەی خێراییەوە، هەروەها بڕین، پاسدان و تۆپ ناردنی دووانەیی".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەموو ئەوەی ئینتەر لە یارییەکەدا کردی، بریتی بوو لە چەپڵە لێدان بۆ رکابەرەکەی و چەمانەوە بەرامبەر لێهاتوویی ئەوان. ئەوە روودەدات، کاتێک تیپێک دەبینی دەزانێ دەبێ چی بکات و تیپێک دەبینی تەنانەت بچووکترین بیرۆکەی نییە لەبارەی ئەرکەکەی خۆی لە یاریگەدا".
 
ساکی راشکاوانە هێرشدەکاتە سەر ئینتەرمیلان و دەڵێ، "بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کەسایەتییەی ئینتەرمیلان بەدرێژایی وەرزەکە پێشانیدا، هەروەها ئەزموونی یاریزانەکانی سیمۆنی ئینزاگی، پێشبینی ئەو سەرەتا شۆکهێنەرەم نەدەکرد، راشکاوانە بڵێم، هێشتا تێنەگەیشتووم لەوەی چی روویدا، هەندێکجار دەبێ خۆت لە نێو دۆخێکی دیاریکراودا بژیت، تاوەکو بزانی چی روودەدات، بەڵام من بەمتمانەوە دەتوانم بڵێم، توانای جەستەیی یەکلاکەرەوە بوو".
 
راهێنەرە مێژووییەکەی میلان زیاتر دەڵێ، "یاریزانانی پاریس سانجێرمان بەخێرایی 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا رایاندەکرد، لە کاتێکدا ئینتەر خاووخلیچک لە یاریگەدا دەجووڵان، لە ئەنجامی ئەوەدا، نیرازۆری نەیتوانی هیچ هێرشێک بکاتە سەر گۆڵەکەی دۆناڕۆما، تەنیا لە هەندێک تۆپی جێگیردا نەبێت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "تیپە پارسییەکە لە یاریگەدا بەردەوام هەوڵی دەدات، بەخێرایی تۆپی دەگواستەوە، ئینتەری ناچارکردبوو بەردەوام بەشوێنییەوە بێت، ئەوەش وانەیەکی گەورەبوو لەبارەی ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ یارییە ئەورووپییەکاندا دەکەیت".
 
ساکی کە ئێستا تەمەنی 79 ساڵە، زیاتر دەڵێ، "ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام، ئەو رێکخستنەبوو کە لویس ئینریکێ لە تیپەکەیدا دروستی کربوو، وا دەهاتە بەرچاو کە یاریزانانی سانجێرمان بەچاوبەستراوی یارییدەکەن، هەموو کات شوێنی هاوڕێکانی خۆیانیان دەزانی، رووبەڕووی هیچ مەترسییەک نەبوونەوە، بەردەوام دەیانزانی دەبێ چی بکەن، تەنانەت لە خراپترین دۆخیشدا".
 
ئەریگۆ زیاتر گوتوویەتی، "ئینتەر هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەبارەی توانایەوە لە دروستکردنی هەلی راستەقینە، هیچ رێکخستن، یان پلانی یارییکردنی روونم لێ نەبینین، ئەمە کڕۆکی کێشەکە بوو".
 
براوەی دوو چامپیۆنزلیگ لەگەڵ میلان لە ساڵانی 1989 و 1990 روونیدەکاتەوە، "ئینتەرمیلان بەشەکەتی دەگەیشتە ناوچەی سزای تیپی بەرامبەر. کاتێک وزەت نییە و توانای راکردنت لەیاریگەدا نییە، ئەوکات رووبەڕووبوونەوەی تیپێکی وەک سانجێرمان زۆر قورسە بۆت. سیمۆنی ئینزاگی رەخنەی زۆری لێدەگیرێت، چونکە تۆپی پێ وایە، بەڵام ناکرێ هەموو شت ئەو لێی بەرپرس بێت".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەو شێوازی یارییکردنەی هەریەکە لە کاری لێبڕاوانە، توانای جەستەیی، لێکتێگەیشتن و رێکخستن کە بنەمای تۆپی پێیە کۆدەکاتەوە، ئەوە نهێنی سەرکەوتنە لەتۆپی پێدا. پرسیارەکە ئەوەیە کاتێک ئێمباپێ هاوڕێکانی پێشووی خۆی دەبینێت، بیر لە چی دەکاتەوە؟ ئینریکێ وانەیەکی مەزنی تۆپی پێی بەهەمووان دا".
 
ئەریگۆ ساکی، لە 1987 تاوەکو 1991 راهێنەری میلان بووە و لەگەڵ ئەو یانەیەدا بازی گەورەی لە شێوازی یارییکردن و ستایل و بردنەوەی نازناوەکاندا ناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە