رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە، ئۆکراینا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر هۆتێلێک لە شاری خێرسۆن (کە لەژێر دەسەڵاتی رووسیادایە) و بەهۆیەوە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 1-1-2026، ڤلادیمیر سالدۆ، پارێزگاری خێرسۆن (کە لەلایەن مۆسکۆوە دانراوە) لە تەلەگرام رایگەیاند: "دووژمن [ئۆکراینا] سێ درۆنی ئاڕاستەی قاوەخانە و هۆتێلێک کردووە لە شارۆچکەی خۆرلی لەسەر کەناراوەکانی دەریای رەش، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی سڤیل سەرقاڵی ئاهەنگی سەری ساڵ بوون."
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان کە سالدۆ بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا "24 کەس کوژراون و زیاتر لە 50 کەسی دیکە بریندار بوون." وێنەکان کە لەلایەن بەرپرسانی رووسیاوە بڵاوکراونەتەوە، وێرانبوونی باڵەخانەکە و جەستەی سووتاوی هاووڵاتییەکان نیشان دەدەن.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووسیا دۆسیەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش هێرشەکەی بە "کردەوەی تیرۆریستی" دژی هاووڵاتییانی سڤیل وەسفکرد. تاوەکو ئێستا کیێڤ هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەوبارەیەوە نەداوە.
شارۆچکەی خۆرلی دەکەوێتە سەر نیمچە دوورگەیەک لە دەریای رەش و لە سەرەتای جەنگەکەوە (شووباتی 2022) کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی رووسیا.
"ئاشتی لە بەردەم مەترسیدایە"
ئەم هەڵکشانە خوێناوییە لە کاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندبوو وڵاتەکەی تەنیا "10٪ لە رێککەوتنی ئاشتییەوە دوورە."
لە دیوەکەی دیکەی جەنگەکەدا، زیلینسکی رایگەیاند رووسیا بە ناردنی زیاتر لە 200 درۆن بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە شەوی سەری ساڵدا، جەنگەکەی بردووەتە نێو ساڵی نوێوە. بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئۆکراینا لە سەری ساڵدا بێ کارەبا بوون.
گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە هەفتەی رابردوو مۆسکۆ ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بەوەی بە درۆن هەوڵی کردنەئامانجی شوێنی مانەوەی ڤلادیمیر پووتینی داوە؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە مۆسکۆ رایگەیاند "داتا"ـی ئەو درۆنە رادەستی ئەمریکا دەکات بۆ سەلماندنی قسەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ