رووداو دیجیتاڵ
لیبیا رایگەیاند، بەریتانیا رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ لێکۆڵینەوە و شڕۆڤەکردنی زانیارییەکانی "سندووقی رەش"ـی ئەو فڕۆکەیەی لە تورکیا کەوتە خوارەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سوپاسالاری وڵاتەکە؛ وەزیرێکی لیبیاش دەڵێت: "بەشداریی فەرەنسامان رەتکردەوە چونکە بێلایەن نەبوو."
رۆژی پێنجشەممە 1-1-2026 محەممەد شەحووبی، وەزیری گواستنەوەی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا (GNU) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەرابلوس رایگەیاند: "راستەوخۆ لەگەڵ بەریتانیا هاوئاهەنگیمان کردووە بۆ شیکردنەوەی سندووقی رەشەکە."
سندووقی رەش پارچەیەکی گرنگی هەموو فڕۆکەیەکە کە چرکە بە چرکە زانیاری تۆمار دەکات، لە رووداوی کەوتنەخوارەوە و تێکشکانی هەر فڕۆکەیەکدا، ئەو سندووقە دەبێتە هۆی ئاشکراکردن و پیشاندانی زانیاری و هۆکارەکە.
لە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد حەداد، سوپاسالاری لیبیا و چوار لە یاریدەدەرانی و سێ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی (کە دووانیان فەرەنسی بوون)، دوای سەردانێکیان بۆ ئەنقەرە، فڕۆکەکەیان لە جۆری (فاڵکن 50) راستەوخۆ دوای فڕین بەهۆی "کێشەی کارەبایی"ـەوە کەوتە خوارەوە.
شەحووبی ئاشکرای کرد، سەرەتا داوا لە ئەڵمانیا کرابوو، بەڵام ئەڵمانیا داوای هاوکارییان لە فەرەنسا کردبوو بۆ خوێندنەوەی ئامێرەکان، لیبیاش ئەوەی رەتکردووەتەوە.
وەزیرەکە گوتی: "پەیماننامەی شیکاگۆ (بۆ فڕۆکەوانیی شارستانی) مەرجی داناوە کە دەبێت ئەو وڵاتەی سندووقەکە شڕۆڤە دەکات بێلایەن بێت؛ لەبەر ئەوەی فەرەنسا دروستکەری فڕۆکەکە بووە و تیمەکەشی فەرەنسی بوون، شایستە نییە بەشداری بکات، بۆیە ئێمە و تورکیا لەسەر بەریتانیا رێککەوتین."
وەزیری گواستنەوەی لیبیا ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا رەزامەندیی دەربڕیوە، بەڵام هێشتا دیار نییە دەرھێنانی داتاکان چەند دەخایەنێت، چونکە پشت بە دۆخی سندووقەکە دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ