توێژینەوەیەک: لە جیهاندا یەک ملیار کەس قەڵەون

01-03-2024
تەنیا ئەحمەد
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، یەک ملیار کەس لە جیهاندا قەڵەون و لە ساڵی 1990ـەوە تائێستا ژمارەی قەڵەوەکانی جیهان چوار هێندە زیادیان کردووە.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری لانسێتی بەریتانیدا بڵابووەتەوە و تێیدا توێژەران ئەوەیان خستووەتەڕوو کە "لە هەر هەشت کەس لە جیهاندا یەکێکیان قەڵەوە. هەروەها لە ساڵی 1990 تاوەکو 2022 ئەوانەی قەڵەون و تەمەنیان لە 19 ساڵ زیاترە ژمارەیان دوو هێندە زیادیکردووە و منداڵ و مێرمنداڵانی قەڵەویش چوار هێندە زیادیان کردووە".
 
مەجید عیزەتی، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئیمپریالی لەندەن یەکێکە لە ئامادەکەرانی توێژینەوەکە و دەڵێت، "کەمخۆراکی و قەڵەوی دوو ڕووی هەمان کێشەن کە بریتییە لە نەبوونی سیستمێکی خۆراکیی تەندروست."
 
ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت، "لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ژمارەی ئەوانەی کێشیان کەمە کەمتر دەبێتەوە و ئەوانەی کێشیان زیادە روو لە زیادبوونن، ئەمەش مانای وایە لە جۆرێکی بەدخۆراکییەوە دەچینە جۆرێکی دیکەی بەدخۆراکی [کە قەڵەوییە]."
 
توێژینەوەکە لە لایەن هەزار و 500 توێژەر لە سەرانسەری جیهاندا کراوە. توێژەرەکان پشتیان بە بەرزیی باڵا و کێشی 220 ملیۆن کەس بەستووە کە تەمەنیان لە پێنج ساڵ زیاترە؛ 65 ملیۆن کەس تەمەنیان لە پێنج بۆ 19 ساڵە و 158 ملیۆن کەسیش تەمەنیان 20 ساڵ زیاترە لە 190 وڵاتدا.
 
لە توێژینەوەکەدا پێنوێنی بارستەی جەستە BMI دیاریکراوە و دەڵێت، هەرکەسێک پێنوێنەکەی 30 یان زیاتر بێت ئەوا قەڵەوە و ئەگەریش لە 18.5 کەمتر بێت ئەوا کێشی کەمە.
 
بۆ نموونە کەسێک باڵای 152 سەنتیمەتر بێت و کێشی 60 کیلۆگرام بێت بەمشێوەیە پێنوێنەکەی دیاری دەکات؛ باڵای خۆی دەگۆڕێت بۆ مەتر واتە 1.52 ئینجا دووجای دەکات 1.52 × 1.52 = 2.31 مەتر دووجا، پاشان کیلۆگرامەکەی دابەش مەتر دووجاکە دەکات بەم شێوەیە 60 ÷ 2.31 = 25.9
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەوانەی بارستەی جەستەیان پێوراوە زیاترە لە 30.
 
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەوانەی بارستەی جەستەیان 25 یان زیاتر بێت بە "کێش زۆر" وەسف دەکرێن و ئەوانەیشی پێنوێنەکەیان 30 بێت پێیان دەگوترێت "قەڵەو".
 
دکتۆر ئەرکان عابد، نەشتەرگەرێکە لە نەخۆشخانەکانی بەغدا کاردەکات و دەڵێت، "قەڵەوی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر باوە و خەریکە کارەسات روودەدات".
 
ئەو پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات، "قەڵەوی کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر تەندروستیی جەستە لە ئێستا و داهاتوودا، دەبێتە هۆی شەکرە و بەرزیی پەستانی خوێن، ئەوە جگە لە کاریگەری خستنە سەر جومگەکان و قورسکردنی جووڵە".
 
توێژینەوەکە بە هاوبەشیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کراوە و تێیدا دەردەکەوێت، لە ساڵی 1990 رێژەی کەسانی قەڵەو لە جیهاندا تەنیا 5٪ بوو، بەڵام ئێستا رێژەکە بۆ 16٪ـی دانیشتووانی جیهان بەرزبووەتەوە. لە 1990ـدا تەنیا 226 ملیۆن کەس قەڵەو بوون، بەڵام لە 2022ـدا ژمارەکە بووەتە ملیارێک و 38 ملیۆن کەس.
 
توێژەران لە ئامارێکدا دەڵێن، "لە 2022ـدا 504 ملیۆن ژن و 374 ملیۆن پیاوی قەڵەو تۆمارکراون؛ هەروەها 159 ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵی قەڵەو هەن، لە کاتێکدا لە ساڵی 1990ـدا ژمارەکە 31 ملیۆن کەس بوو".
 
تۆنگا کە دەکەوێتە سەر کەناری زەریای هێمن پلەی یەکەمی لە جیهانی لە زۆری قەڵەوی لە جیهاندا گرتووە و 77٪ـی دانیشتووانەکەی قەڵەون؛ ڤێتنامیش کەمترین رێژەی قەڵەوی لە جیهاندا هەیە کە تەنیا 5٪ـی دانیشتووانەکەی بە قەڵەو هەژمارکراون.
 
توێژینەوەکە لە ئامارێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا رێژەی قەڵەوی بەمجۆرە پیشانداوە:
 
لە باشووری کوردستان و عێراق لە ساڵی 2022ـدا نزیکەی ٪25ـی مێرمنداڵانی کچ و ٪20ـی مێرمنداڵانی کوڕ قەڵەو بوون؛ هاوکات لە هەمان ساڵدا نزیکەی ٪45ـی ژنان و ٪35ـی پیاوان باشووری کوردستان و عێراق قەڵەو بوون.
 
هەرچی لەبارەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، ٪18ـی مێرمنداڵانی کچ و ٪25ـی مێرمنداڵانی کوڕ قەڵەو بوون؛ ٪37ـی ژنان و ٪23ـی پیاوانیش قەڵەو بوون. 
لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا توێژەران دەڵێن، ٪18ـی کچان و ٪23ـی کوڕان قەڵەو بوون؛ ٪45ی ژنان و ٪28ی پیاوانیش کێشیان گەیشتووەتە ئاستی قەڵەوی.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاماری ئەو توێژینەوەیە دەریدەخات، ٪13ـی کچان، ٪12ـی کوڕان، ٪43ـی ژنان و ٪25ـی پیاوان قەڵەون. 
 
فرانسێسکۆ برانکا، بەڕێوەبەری خۆراکی تەندروست لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "زۆر زووتر لەوەی پێشبینیمان دەکرد گەیشتینە یەک ملیار کەس".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بریندارێکی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیا و ئەو کوڕ و باوکەی پۆلیس دەڵێت هێرشەکەیان کردووە

کوڕ و باوکێکی بە رەچەڵەک پاکستانی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیایان کردووە

لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی شاری سیدنیی ئوسترالیا، 16 کەس کوژران کە یەکێک لە کوژراوەکان هێرشکارەکە بووە. پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن باوک و کوڕێکەوە کراوە کە بە رەچەڵەک پاکستانین؛ باوکەکە لەکاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، کوڕەکەش بە برینداری دەستگیر کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە