رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی ئەمریکا بڕیاری دا بە راگرتنی دەستبەجێی کارەکانی دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگگێڕان لە ناو کۆشکی سپی، کە بەهۆیەوە بەشە مێژووییەکەی رۆژهەڵاتی کۆشکەکە بە تەواوەتی رووخێندراوە.
ریچارد لیۆن، دادوەری فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ تەنیا "سەرپەرشتیاری" کۆشکی سپییە، بەڵام "ئەو خاوەنی کۆشکەکە نییە،" دادوەرەکە جەختی کردەوە، بۆ پڕۆژەیەکی لەم جۆرە، رەزامەندیی فەرمیی کۆنگرێسی ئەمریکا پێویستە. ئەم بڕیارە وەک وەڵامێک بوو بۆ سکاڵایەکی یاسایی "رێکخراوی نیشتمانی بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان" کە رێکخراوێکی قازانج نەویستە.
دۆناڵد ترەمپ لە نووسینگەی هێلکەیی [ئۆڤەڵ ئۆفیس] و لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە بڕیارەکە گوتی، "ئەو دادوەرە زۆر هەڵەیە." ترەمپ پێداگریی کرد کە پێویست بە رەزامەندیی کۆنگرێس ناکات، چونکە تێچووی پڕۆژەکە لەرێگەی بەخشەرەکانەوە دابین دەکرێت نەک لە پارەی باجدەران. تەنیا چەند کاژێرێک دوای بڕیارەکە، ئیدارەی ترەمپ تانەی لە بڕیارەکە دا.
دروستکردنی ئەم هۆڵە گەورەیە، کە تێچووەکەی لە 200 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 400 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، گەورەترین مۆرکی ترەمپ دەبێت لە سەر واشنتن لەوکاتەوەی لە کانوونی دووەمی 2025 گەڕاوەتەوە دەسەڵات. ترەمپ پێشتر بەشێکی زۆری نووسینگەکەی خۆی بە زێڕ نەخشاندووە، باخچەی گوڵەکان (Rose Garden)ی کۆنکرێت کردووە و ناوی خۆشی لە سەر ناوەندی هونەریی کێنیدی داناوە.
ترەمپ لە سۆشیاڵ میدیا هێرشی تووندی کردە سەر رێکخراوی نیشتمانی بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان و بە "گرووپێکی چەپی تووندڕۆی شێت" وەسفی کردن. ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم هۆڵە دەبێتە "ناوازەترین باڵەخانە لە جۆری خۆی لە هەموو جیهاندا."
دادوەر لیۆن لە بڕیارەکەیدا 10 رۆژ مۆڵەتی داوەتە ئیدارەی ترەمپ تاوەکو پڕۆسەی تانەگرتنەکە تەواو بکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە "هیچ یاسایەک دەسەڵاتی وا ناداتە سەرۆک بە ئارەزووی خۆی دەستکاریی موڵکی نیشتمانی بکات." دادوەرەکە گوتی ئەگەر ترەمپ دەیەوێت پڕۆژەکە تەواو بکات، دەبێت بچێتە کۆنگرێس و مۆڵەتی رەسمی وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ