رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی "تیلیگراف"ی بەریتانی راگەیاند، دوای ئەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ ئامادە نەبوو لە جەنگی دژی ئێران دا هاوکاری بێت، بە جیدی بیر لە کشانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا هاوپەیمانیی ناتۆی بە "بێ کاریگەر" ناوبرد و دەڵێ، کشانەوەی ئەمریکا لەو هاوپەیمانییە بەرگرییە ئێستا "لە قۆناخی پێداچوونەوە تێپەڕیوە" [واتە بڕیارەکە خەریکە یەکلا دەبێتەوە].
ئەمە بەهێزترین ئاماژەیە تاوەکو ئێستا کە پیشانی دەدات کۆشکی سپی چیدیکە ئەورووپا وەک هاوبەشێکی جێگەی متمانەی بەرگری نابینێت، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکان داواکارییەکەی ترەمپیان بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بە مەبەستی کردنەوەی تەنگەی هورمز رەتکردەوە.
کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا، ئایا دوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، پێداچوونەوە بە ئەندامێتیی ئەمریکا لە ناتۆدا دەکات؟ لە وەڵامدا گوتی، "بەڵێ، دەڵێم [ئەم بڕیارە] لە پێداچوونەوە تێپەڕیوە. هەرگیز لە ژێر کاریگەریی ناتۆدا نەبووم. هەمیشە دەمزانی کە بێ کاریگەرن، پووتینیش ئەوە دەزانێت."
ئەندامەکانی ناتۆ دوودڵ بوون لە هاوکاریکردن بۆ کردنەوەی تەنگەکە، کە بە شێوەیەکی ئاسایی 20%ی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. تاران بۆ چەندین هەفتەیە بە کردەیی تەنگەکەی داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی نەوت و گاز و هەڕەشەی دروستبوونی سستبوونی ئابووریی جیهانی دەکات.
ترەمپ گوتیشی، "جگە لەوەی لەوێ نەبوون، لە راستیدا بڕواکردن بەوە قورس بوو. من هەوڵێکی زۆرم نەدا بۆ رازیکردنیان؛ تەنیا گوتم 'سڵاو'، دەزانیت زۆر سوور نەبووم لەسەری، چونکە پێموابوو دەبێت ئەوە کارێکە بیرکردنەوەی ناوێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک پێویست بووبێت، ئەمریکا لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانیی ناتۆ بووە و گوتی، "ئێمە بێ بیرکردنەوەی لەگەڵیان بووین ، لەوانەش بۆ ئۆکراینا. ئۆکراینا کێشەی ئێمە نەبوو، ئەوە تاقیکردنەوەیەک بوو، ئێمە لەوێ بووین بۆیان و هەمیشەش لەوێ دەبووین، بەڵام ئەوان بۆ هاوکاریکردنی ئێمە نەبوون."
هێرش بۆ سەر بەریتانیا و ستارمەر
سەرۆکی ئەمریکا بە دیاریکراوی رەخنەی لە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گرت بۆ رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
ترەمپ سەبارەت بە دۆخی کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا بە رۆژنامە بەریتانییەکەی گوت، "ئێوە تەنانەت هێزی دەریاییشتان نییە. زۆر پیر بوون و ئەو فڕۆکەهەڵگرانەشی کە هەتانبوو کارناکەن."
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا دەبێت سەرۆکوەزیرانی بەریتانتا پارەی زیاتر بۆ کەرتی بەرگری خەرج بکات، ترەمپ وەڵامی دایەوە، "من پێی ناڵێم چی بکات. ئەو دەتوانێت هەرچییەکی بوێ بیکات، ئەوە گرنگ نییە. هەموو ئەوەی ستارمەر دەیەوێ، تەنیا ئەو وێستگە بایانەیە کە تێچووەکەیان زۆرە و نرخی وزەی وڵاتەکەتانی بردووەتە ئاسمان."
پەیامی ترەمپ بۆ گەلی ئەمریکا
بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا کاژێر 9ی شەوی چوارشەممە (بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا - کاژێر 4ی بەرەبەیانی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر) گوتارێک بۆ گەلی وڵاتەکەی پێشکەش بکات بۆ خستنەڕووی نوێترین زانیاری لەبارەی بەرەوپێشچوونی جەنگ.
ترەمپ شەوی سێشەممە گوتی کە رەنگە جەنگەکە لە ماوەی "دوو هەفتە، یان سێ هەفتەدا" کۆتایی بێت و دووپاتی کردەوە کە تاکە ئامانجیان رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
هەفتەی رابردوو رۆژنامەی "تێلێگراف" ئاشکرای کرد کە ترەمپ بیر لە گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناتۆدا دەکاتەوە بۆ سزادانی ئەو ئەندامانەی کە پابەندی دابینکردنی بودجە نابن. بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی ترەمپ کار بۆ مۆدێلی "پارە بدە و بەشدار بە" دەکەن، کە رەنگە رێگری لە هەندێک هاوپەیمان بکات لە پرۆسەی بڕیاردان. هەروەها سەرچاوەکانی نزیک لە سەرۆکی ئەمریکا دەڵێن، ترەمپ بیر لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیاش دەکاتەوە.
داواکارییەکەی ترەمپ بۆ هاوکاریی ناتۆ لە جەنگی ئێراندا، پرسیاری لەبارەی "مادەی 5" دروست کردووە، کە دەڵێت "هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، هێرشە بۆ سەر هەمووان". ئەم مادەیە لە مێژوودا تەنیا یەکجار بەکارهێندراوە، ئەویش دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر بوو بۆ سەر ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ