جیهان
دانانی تێپەڕەوشەی ئاڵۆز و ئیمەیلی جیاجیا رێگر دەبن بۆ هاککردنی هەژمارەکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
سایبەر سکیورتی، یاخود ئاسایشی سایبەری بریتییە لە خۆپاراستن لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر سیستمەکان، بە تایبەتیش ئەو سیستمانەی بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە. لە نێو ئەو هێرشانەدا بریتین لەوانەی، کە دەکرێنە سەر رەقەواڵە (هاردوێر)، نەرمەواڵە (سۆفتوێر) و زانیارییەکان (داتاکان).
مرۆڤ دەتوانێت بە ژمارەیەک رێگە، رێگری لە گەیشتنی نەخوازراوی کەسانی دیکە بە داتا، ئامێر و سیستمە دیجیتاڵییەکانی بکات.
چەمکی ئاسایشی سایبەری دەکرێت بۆ ئاماژەکردن بە ئاسایشی تەکنەلۆژیای زانیاری یان ئاسایشی زانیاریی ئەلیکترۆنی بەکاربێت. ئاسایشی سایبەری ئەم بوارانە دەگرێتەوە: ئاسایشی تۆڕ، ئاسایشی ئەپڵیکەیشن، ئاسایشی زانیاری، چاککردنەوەی سیستمەکان دوای کارەسات، پەروەردەکردنی بەکارهێنەران لەسەر چۆنیەتیی خۆپاراستن لە هێرشە ئەیلکترۆنییەکان، ئاسایشی فیزیکی وەک دانانی ئامێری خوێندنەوەی پەنجەمۆر.
شرۆڤەیەک بۆ هەڕەشە سایبەرییەکان
هەر کارێکی زیانبەخش کە ئامانج لێی دەستڕاگەیشتنی رێگەپێنەدراو بە داتا و سیستمەکان، دەستوەردان لە چالاکییە دیجیتاڵییەکان، یان دەستکاریکردنی زانیارییەکان بێت، بە هێرشی ئەلیکترۆنی یاخود هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سایبەری دادەنرێت. هەڕەشە سایبەرییەکان دەکرێت لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بێن، لەوانەش دەزگاکانی سیخوڕی، هاککەرەکان، رێکخراوە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکان، لایەنە ناحکومییە نەیارەکان، رێکخراوە تاوانکارەکان و تەنانەت کارمەندە بێزارەکان.
لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەک هێرشی سایبەریی گەورە روویانداون. لە ساڵی 2017 لە ئەمریکا، ئاژانسی Equifaxی ئەمریکی هاککرا و زانیاریی تایبەتی 143 ملیۆن کەس دزەی پێکرا، لە نێویدا، رۆژی لەدایکبوون، ناونیشان و ژمارەی بیمەی کۆمەڵایەتییان. لە ساڵی 2018، کۆمپانیای Marriott Worldwideی ئەمریکی رایگەیاند هاککەرەکان دەستیان بە داتای 500 ملیۆن بەشداربوویان گەیشتووە.
لە ساڵی 2022، کۆمپانیاکە دووبارە هاککرایەوە، لە ئەنجامدا 20 گێگابایت داتای هەستیاری لەدەستدان، لەوانەش ژمارەی کرێدت کارتی بەشێک لە بەشداربووەکانی. لەو رووداوەدا، گرووپێکی بێناوی هاککەرەکان رایگەیاند، کارمەندێکی یەکێک لە هۆتێلەکانی ماریۆتیان لەخشتەبردووە و کارمەندەکە رێگەی پێداون کۆمپیوتەرەکانی کۆمپانیاکە کۆنتڕۆڵبکەن.
پسپۆڕانی ئاساییشی سایبەری بۆ پاراستنی ئاساییشی زانیارییە تایبەتی و نهێنییەکان لە هەموو شوێن و دامەزراوەیەک گرنگن، چونکە هێرشکارەکان دەکرێت داتا هەستیارەکان بەکاربێنن بۆ گەیشتن بە هەژمارە بانکییەکانی کەسێک یان دامەزراوەیەک بە تەواوی، ئەمە لە پاڵ چەندین کاری دیکەی شەڕانگێز.
جۆرە باوەکانی هێرشی سایبەری
پسپۆڕانی بواری ئاسایشی سایبەری ئاماژە بە هەبوونی چەند جۆرێکی باوی هێرشە سایبەرییەکان دەکەن و دەڵێن چەند رێوشوێنێکی سەرکەوتووانەش بۆ رێگری لێیان هەن. لە زۆربەی ئەو هێرشانەدا تەکنیکی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی بەکاردێت، کە بریتییە لە هەڵخەڵەتاندنی بەکارهێنەران بۆ ئەوەی هەندێ شت بکەن کە لە ئەنجامدا وا دەکەن داتاکانیان بکەونە دەست هاککەرەکان/هێرشکارەکان.
ڤایرۆس یاخود نەرمەواڵەی زیانبخەش (Malware):
ئەم جۆرەیان بۆ چەندین لق دابەشدەبێت: بەرنامەی سیخوڕی Malware))، دەستگرتن بەسەر زانیارییەکان و ئازادکردنیان لە بەرامبەر پارە (ransomware)، ڤایرۆسەکان، کرمەکان کە بریتین لەو جۆرە نەرمەواڵە زیانبەخشانەی هەندێ جار لە شێوەی بەستەر (لینک)ـدا بە ئیمەیڵ دەنێردرێن. کاتێک کە تۆ کلیک لەسەر لینک یان هاوپێچێکی زیانبەخش دەکەیت، نەرمەواڵەکە لەسەر ئامێرەکەت دادەمەزرێت. بەگوێرەی دامەزراوەی سیسکۆی ئەمریکی، کاتێک کە بەرنامە زیانبەخشەکە دەکەوێتەکار، دەتوانێت رێگە لە گەیشتنی بەکارهێنەر بە داتا و پێکهاتەی گرنگی نێو/سەر تۆڕ بگرێت و تەنیا بە پارە رێگە بداتەوە؛ یان دەکرێت هەمان ئەو نەرمەواڵە زیانبەخشە بەرنامەی دیکەی زیانبەخش لەسەر ئامێرەکەت دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی بە نهێنی زانیارییەکانت بدزێت؛ یان دەکرێت زیان بە پێکهاتەکانی ئەو تۆڕ و سیستمانە بگەیێنێت کە تۆ بەکاریان دێنی و وایان لێ بکات، کە بە کەڵکی هیچ شتێک نەیێنەوە.
ئەسپی تەروادە:
ئەمەیان جۆرێکە لە نەرمەواڵەی زیانبەخش، بەڵام لە ژێر بەرگری بەرنامەیەکی یاسایی لەسەر ئامێرێک دادەمەزرێنرێت. بۆ نموونە، نەرمەواڵەی Trojan Emotet یەکێکە لە نەرمەواڵە هەرە زیانبەخش و مەترسیدارەکان. لە رێگەی ناردنی فایلی ڤایرۆسکراوی مایکرۆسۆفت وۆرد و مایکرۆسۆفت ئێکسڵ بە ئیمەیڵ بڵاودەکرێتەوە. کاتێک کە بەکارهێنەر دەیانکاتەوە، نەرمەواڵەکە دادەبەزێنرێت و لە پەنهانیدا دەست بە کاری خۆی دەکات بۆ سیخوڕیکردن بەسەر داتا کەسی و نهێنییەکاندا.
فریودان:
ئەمەیان تەکنیکێکی ئەندازیاریی کۆمەڵایەتییە، کە خۆی لە هەڵخەڵەتاندن و لەخشتەبردنی بەکارهێنەراندا دەبینێتەوە بۆ ئەوەی بە گوێی هاککەرەکان بکەن و نەرمەواڵە زیانبەخشەکان لەسەر ئامێرەکانیان جێگیربکەن بێ ئەوەی بزانن خۆیان تووشی چ کێشەیەک دەکەن. بەشێکی ئەمە، دەکرێت لە رێگەی پەیوەندیی فریودەرەوە بکرێت، چ بە ئیمەیڵ، پەیوەندیی دەنگی یان ڤیدیۆیی بێت. هاککەرەکان دەتوانن لەو رێگەیەوە هەندێ رێنمایی بە بەکارهێنەر بدەن، بۆ نموونە زانیاریی کرێدت کارتەکەی ئاشکرا بکات.
بەگوێرەی دامەزراوەی سیسکۆ، ئامانج لەم هەوڵانە دزینی زانیاریی کەسییە، وەک ژمارەی کرێدت کارتەکان، ناوی بەکارهێنەر (یوزەرنەیم) و تێپەڕەوشە (پاسوۆرد)؛ ئامانجێکی دیکەی دەکرێت تووشکردنی ئامێری نێچیرەکە بێت بە نەرمەواڵەی زیانبخەش.
هێرشی تێپەڕەوشە:
هەندێ جار هێرشکارە سایبەرییەکان دەکرێت بە دۆزینەوەی تێپەڕەوشە دەستیان بە داتاکان بگات. گەیشتن بە داتابەیسی تێپەڕەوشەکان، پێشبینیکردنی تێپەڕەوشەکان، یان تەنانەت بە چوونە ژوورەوە بۆ نێو شوێنی کارکردن و دۆزینەوەی تێپەڕەوشەکان لەسەر ئامێرەکان یان لە نزیکیان، هەموویان بە هێرش بۆ سەر تێپەڕەوشەکان دادەنرێن.
هێرشی رێگریی لە خزمەتگوزارییەکان:
ئەمەیان جۆرێکی دیکەی باوی هێرشە سایبەرییەکانە، کە بریتییە لە ئاراستەکردنی ژمارەیەکی زۆری داواکاری بۆ سەر تۆڕەکان لە یەک کاتدا تا وای لێدەکات نەتوانێت وەڵامی هیچ داواکاریێک بداتەوە و خزمەتگوزارییەکانیان پەکیاندەکەوێت.
تاوەکو دێت هێرشە سایبەرییەکان زۆرتر و ئاڵۆزتر دەبن. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، ئاساییشی سایبەریش تاوەکو دێت پێویستتر و گرنگتر دەبێت. گرنگیی ئاساییشی سایبەری لەوەدایە کە خەڵک، کۆمپانیا و دامەزراوەکان لە هێرشەکان دەپارێزێت. بە گرتنەبەری رێوشوێنی سایبەریی گونجاو، دەکرێت رێگە لە دزەپێکردنی داتا و جۆرەکانی دیکەی تاوانە سایبەرییەکان بگیرێت.
کۆمپانیا و بازرگانییەکان پێویستیان بەوەیە رێوشوێنی بەهێزی ئاسایشی سایبەری پەیڕەو بکەن بۆ ئەوەی داتا و زانیاریی کڕیار و سەوداکارەکانیان بپارێزن.
پاراستنی ئامێرەکان:
نوێکردنەوە (ئەپدێتکردن)ی سیستمی کارپێکردن
هەمیشە دڵنیابەوە لەوەی نوێترین سیستمی کارپێکردنت لەسەر ئامێرەکەت دابەزاندووە. زۆربەی ئەپێدێتەکان تایبەتمەندیی ئەوەیان لەگەڵدایە کە ئاسایشی ئامێرەکەت بەهێزبکەن بۆ ئەوەی هێرشە سایبەرییەکان کاری تێنەکەن و داتاکانت دزەیان پێ نەکرێت.
زۆر گرنگە کە دەستبەجێ لەگەڵ بەردەستبوونی وەشانی نوێی سیستمەکانی کارپێکردن یان ئەپڵیکەیشنەکان، لەسەر ئامێرەکەت دایانببەزێنیت، واتە ئەپدێتیان بکەیتەوە، چونکە ماوەی نێوان ئاشکرابوونی کەلێنە ئەمنییەکان و بەردەستبوونی ئەپێدێتەکان، بە ماوەی هەرە لەبار دادەنرێت بۆ هاککەرەکان تاوەکو بیقۆزنەوە و هێرشەکانیان بکەن.
(Browsers) وێبگەڕەکان رۆژ دوای رۆژ زیرەکتر دەبن، بە تایبەتی لە رووی نهێنیپارێزی و ئەمنییەوە. لە پاڵ دابەزاندنی هەموو ئەپدێتە نوێیەکان، هەمیشە لە رێکبەندییەکانی ئاسایشی وێبگەڕەکەت دڵنیابەوە.
دامەزراندنی دژە ڤایرۆس و بەرنامەی دژی نەرمەواڵەی زیانبەخش
ڤایرۆسەکان و نەرمەواڵە زیانبەخشەکان باون. هەندێ لە بەرنامە دژە ڤایرۆسەکان دەتوانن ئامێرەکان لە نەرمەواڵەی زیانبەخش و کۆدە رێگەپێنەدراوەکان بپارێزن، بەڵام ئەوەت لە یاد بێت کە بەگشتی تەنیا لەو جۆرە ڤایرۆس و نەرمەواڵە زیانبەخشانەت دەپارێزن، کە پێشتر ناسراون.
ڤایرۆسەکان دەتوانن مەترسیی گەورە دروستبکەن، وەک خاوکردنەوەی ئامێرەکەت، یان سڕینەوەی داتای گرنگ، دەشکرێت مەترسییەکانی بچووکتر بن. بە دۆزینەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی داتاکانت، دژە ڤایرۆسەکان گرنگن بۆ ئامێرەکەت. بەدوای ئەو بەرنامە دژە ڤایرۆسانەدا بگەڕێ کە بەردەوام خۆکارانە ئەپدێت دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئامێرەکەت بە بەردەوامی لە هەڕەشە نوێیەکان بپارێزرێت.
دانانی تێپەڕەوشەی ئاڵۆز و بەهێز
بەکارهێنانی تێپەڕەوشەی ئاڵۆز و بەهێز رێگەیەکی سەرەکیی خۆپاراستنە لە هێرشە سایبەرییەکان. تێپەڕەوشەکانت چەند بەهێزتر بن، دەستگەیشتن بە سیستم و داتاکانت زەحمەتتر دەبێت. تێپەڕەوشەی درێژتر و ئاڵۆزتر یەکسانە بە هەبوونی ئاسایشی زیاتر. پێویستە تێپەڕەوشەکانت لانیکەم لە هەشت خانەی هەڕەمەکی پێکهاتبن و پیتی بچووک، پیتی گەورە، هێما و ژمارەشیان تێدا بێت.
راستاندنی دووەمی (Two-factor authentication)
هێڵی یەکەمی بەرگریت دژی هێرشە سایبەرییەکان، بەکارهێنانی تێپەڕەوشەیەکی بەهێزە، بەڵام هەبوونی هێڵێکی دیکەی بەرگری، ئاسایشەکەت بەهێزتر دەکات. ئێستا زۆر لە ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنەکان شێوازی پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی بەکارهێنەر لە رێگەی ئامرازێکی دووەمەوە بەکاردێنن. بە گرتنەبەری ئەم هەنگاوە، تەنانەت لە کاتی ئاشکرابوونی تێپەڕەوشەکەتدا، هێرشکارەکان ناتوانن دەستیان بە داتاکانت بگات. ئەمە چۆن؟ کاتێک کە تۆ بژاردەی (Two-factor authentication) لەنێو ئەپڵیکەیشن و ماڵپەڕەکان چالاک دەکەیت، هەر کە خۆت یان کەسێک لە ئامێرێکی دیکەوە ویستی بچێتە ژوورەوە، کۆدێک بۆ موبایل یان ئیمەیڵەکەت دێت، بێ زانینی ئەو کۆدە، چوونەژوورەوە لە توانادا نابێت.
پاراستنی هەژمارەکانت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
رێگریی لە فریودان
فریودان ئەوەیە کە هێرشکارە سایبەرییەکان بەکارهێنەرەکان هەڵبخەڵەتێنن بۆ ئەوەی بۆ نموونە، کلیک لەسەر بەستەرێکی گوماناوی بکەن، کە دەکرێت لەو رێگەیەوە نەرمەواڵەی زیانبەخش لەسەر ئامێرەکانیان دابەزێنێت، یان بیانبەن بۆ سەر ماڵپەڕی دیکە و لەوێ هەڵبخەڵەتێنرێت تاوەکو زانیارییە کەسییەکانیان دابنێن. ئەم تەکنیکانە تاوەکو دێت ئاڵۆزتر دەبن و درکپێکردنیان زەحمەتتر دەبێت.
دروستکردنی تێپەڕەوشەی بەهێز
هەمیشە دڵنیابەوە لەوەی تێپەڕەوشەکانی هەژمارە کۆمەڵایەتییەکانت بەهێز و زەحمەتن بۆ پێشبینیکردن. دڵنیابەوە لەوەی تێپەڕەوشەی هیچ هەژمارێکت وەکو یەک نییە، بەڵکو هەر هەژمارێک تێپەڕەوشەیەکی جیاوازی هەبێت.
بەکارهێنانی ئیمەیڵی جیاجیا
بەکارهێنانی ئیمەیڵی جیا بۆ مەبەستی جیاجیا، دەکرێت سوودبەخش بێت. بۆ نموونە بەکارهێنانی ئیمەیڵێکی تایبەت بۆ بازاڕکردنی ئۆنڵاین، تاوەکو هەژمارە کۆمەڵایەتییەکانت رووبەڕووی مەترسی نەبنەوە، ئەگەر لەو ماڵپەڕانەوە تووشی هێرشی سایبەری بوویت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ