ئەمریکا و ئۆکراینا رێککەوتنی کانزاکانیان واژۆ کرد

01-05-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
 وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا رێککەوتنەکەیان واژۆکرد. وێنە: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا رێککەوتنەکەیان واژۆکرد. وێنە: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و ئۆکراینا رێککەوتنی کانزاکانیان واژۆ کرد، کە 50٪ـی بەرهەمەکەی بۆ ئەمریکا دەبێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە لە واشنتن واژۆکردنی رێککەوتنەکەی راگەیاند و گوتی، رێککەوتنەکە نیشانەی "پابەندبوونی هەردوولایە بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەردەوام لە ئۆکرانیا".
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی، "ئەم رێککەوتنە بە روونی بە رووسیا دەڵێت کە ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە پرۆسەی ئاشتی کە لەسەر ئۆکراینایەکی ئازاد، سەروەر و خۆشگوزەران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دامەزراوە."
 
سکۆت بێسێنت دەڵێت "نابێت هیچ دەوڵەتێک یان کەسێک کە پارەی بۆ رووسیا تەرخان کردووە، رێگەی پێبدرێت سوود لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا ببینێت."
 
دێنیس شمیهال، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رێککەوتنەکە گوتی، "باش، یەکسان و سوودبەخشە."
 
سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ئەمریکا سندووقێکی وەربەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا دادەمەزرێنن و ئۆکراینا کۆنترۆڵی تەواوی خاکەکەی لەژێر دەست دەبێت، ژێرخانی ئابووری خۆی و سەرچاوە سرووشتییەکانی دەپارێزێت. 
 
شمیهاڵ دەشڵێت، بە واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە، ئەمریکا چیدیکە داوا ناکات ئەو پارەیەی کە لە جەنگەکە خەرجی کردووە، پێی بدرێتەوە.
 
دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ داوای لە ئۆکراینا دەکرد بایی 500 ملیار دۆلار سامانی کانزایی وەکو قەرەبووی ئەو پارەیە پێبدەن کە ئەمریکا لە جەنگی ئۆکراینا خەرجی کردووە. بڕەکەش چوار هێندەی ئەو پارەیە بوو کە واشنتن بە کیێڤی داوە. 
 
ترەمپ رەتیکردوەتەوە کە گەرەنتی ئەمنی پێشکێش بە ئۆکرانیا بکات و هاوڕاش نییە کە ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بوونی ئەمریکا لە ئۆکراینا سوود بە کیێڤ دەگەیێنێت. 
 
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا بەردەوامە، بەڵام ئەو بەڵێنەی کە لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دای و ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت، دەرکەوت کە خەیاڵییە. 
 
رۆژی سێشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر هەردوو لایەنی رووسی و ئۆکراینی "پێشنیازێکی کۆنکریتی" نەخەنەڕوو، ئەوا لە هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پاشەکشە دەکەن.
 
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. لە کانوونی دووەمی ئە م ساڵەوە ئیدارەی ترەمپ هەوڵەکانی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردووەتەوە، بەڵام جگە لە دوو ئاگربەستی کورتی و ئامانجدار نەبوونەتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە