میدیای ئەمریکا: راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و جێگرەکەی بە فەرمانی ترەمپ لە کار لادران

01-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی دەڵێت، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و جێگرەکەی، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەوە، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. 
 
چەند سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی پشتڕاستیان کردەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ژمارەیەک کارمەندی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کارەکانیان لادەدرێن و بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ بە ئاشکرا باسی بڕیارەکەی بکات.
 
واڵتز کە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو، لە مانگی ئادارەوە لە نێو دیموکراتەکان و چەند بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپیش، ناڕەزایی لە بەرامبەر دروستبوو، دوای ئەوەی کە ئاشکرابوو بە هەڵە رۆژنامەڤانێکی خستووەتە نێو گرووپ چاتێکی زانیاریی نهێنی و هەستیار. 
 
گرووپ چاتەکە تایبەت بوو بە وردەکاری و پلانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و جۆن راتکڵیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و چەند کەسێکی دیکەی تێدابوون. 
 
واڵتز پێشتر دانی بە بەرپرسیارێتیی خۆی لە دزەپێکردنی زانیارییەکاندا نا. 
 
هەروەها پشتیوانکارێکی راستڕۆی توندڕۆی ترەمپ بە ناوی لۆرا لوومەر لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی کۆشکی سپی، بە ترەمپی راگەیاندبوو، پێویستە واڵتز و راوێژکارەکانی دیکەی کە بە گوتەی خۆی، وەک پێویست دڵسۆز نین، دووربخرێنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونیدا، ترەمپ لەگەڵ حکومەتەکەی کۆبووەوە و واڵتزیش بەشدار بوو. 
 
دوای پشتڕاستبوونەوەی لەکارلادانی واڵتز، حەکیم جێفریز، سەرۆکی کەمینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە فۆکس نیووزی راگەیاندووە: "واڵتز رۆیشت. یەکەم بڕوات. بێگومان کۆتا کەس نابێت." 
 
واڵتز دیارترین بەرپرسی باڵایە لە ئیدارەی دووەمی ترەمپ دوورخرابێتەوە. 
 
لە دووەم خوولی سەرۆکایەتییەکەیدا، سەرۆکە کۆمارییەکە هەوڵیداوە خۆی لەو پشێوییە بەدووربگرێت کە لە خوولی یەکەم هەبوو، کاتێک لە ماوەی چوار ساڵدا، بە دوای یەکدا چوار کەس بوونە راوێژکاری ئاسایش، چوار کەس سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی و دوو کەس وەزیری دەرەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا