رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی ناتۆ سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە و ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ بابەتی سەرەکیی سەردانەکەی دەبێت؛ وەزیری دەرەوەی سوێدیش دەڵێت، وڵاتەکەی بەڵێنەکانیان بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە جێبەجێکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2023، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ئۆسلۆ رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و هەڵدەدات تورکیا رازیبکات ئەندامێتیی سوێد لە رێکخراوی ناتۆ پەسند بکات.
ستۆڵتنبێرگ گوتیشی: "من لەوە دڵنیام کە سوێد دەبێتە ئەندامی ناتۆ، کاردەکەین بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئەوە رووبدات."
هاوکات، تۆبیاس بیڵستۆڕم، وەزیری دەرەوەی سوێد، رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەموو بەڵێنەکانی بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوی ناتۆ پەسند کردووە و داوای لە تورکیا و هەنگاریا کرد پەلە بکەن لە قبووڵکردنی سوێد وەکو ئەندامێکی نوێی هاوپەیمانێتییەکە.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئۆسلۆ رایگەیاند: "ئێستا کاتی ئەوەیە کە سوێد ببێتە ئەندامی رێکخراوی ناتۆ."
بلینکن لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لەسەر ئەندامێتیی سوێد لە رێکخراوەکە رایگەیاند، "سوێد هەنگاوی سەرنجراکێشی ناوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و پابەندبوونی خۆی بە هاوپەیمانێتییەکە دووبارە و دووبارە سەلماندووە."
ئەوە لە کاتێکدایە، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە رێکخراوی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە رێکخراوەکە.
تورکیاش وەکو ئەندامێکی رێکخراوەکە پێشتر رایگەیاند کە ئامادەن داواکاریی فینلاند و سوێد بۆ بوونە ئەندامی رێکخراوەکە پەسەند بکەن بەو مەرجەی هەردوو وڵاتەکە، بە تایبەتی سوێد، ژمارەیەک داواکراویان رادەست بکەنەوە، بەڵام سوێد نەچووە ژێرباری داواکارییەکەی تورکیا، بۆیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا تەنیا ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ رازی بووە.
هەرچەند، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکوەزیرانەکانی نێوەڕاستی ئەوروپا، رایگەیاندبوو کە ئەوان داواکاریی فینلاند و سوێد پەسند دەکەن، بەڵام هەنگاریا تائێستا ئەندامێتیی فینلاندی لە رێکخراوەکە پەسند نەکردووە.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2023، لە بنکەی سەرەکیی رێکخراوی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە رێکخراوەکە راگەیاند و فینلاند بووە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە.
هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە: هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ