ئەمریکا سزا بەسەر چەند کەسایەتییەکی ئێرانیدا دەسەپێنێت؛ "هەوڵیانداوە بۆڵتن و پۆمپەیۆ بکوژن"

01-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی ئێرانیدا سەپاند، کە تۆمەتبارن بە نەخشەدانان بۆ کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکی، لە نێویاندا جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاساییشی نیشتمانیی و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و چەند کەسایەتیێکی دیکەی ئێرانی و بیانی لە دەرەوەی ئێران.
 
بە گوێرەی سزاکان، سامانی سێ کەسایەتیی ئێرانی، دوو بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران و دامەزراوەیەکی ئێرانی سڕدەکرێن و قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکاشیان بەسەردا دەسەپێندرێت. 
 
یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە سزاکانی رۆژی پێنجشەممە دەیانگرێتەوە، محەممەد رەزا ئەنسارییە، کە بەرپرسی یەکەیەکی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە و بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، "سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی نهێنیی" لەدەرەوەی ئێراندا کردووە، "لە نێویاندا نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و کوشندە دژی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەدەرەوەی وڵات و خەڵکی دیکەی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوروپا و ئەفریقا."
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە: "ئەنساری بە پشتیوانیی شەهرام پورسەفی کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە، نەخشەیانداوە و هەوڵیانداوە دوو بەرپرسی پێشووی حکومەتی ئەمریکا بکوژن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئابی ساڵی رابردوو، وەزارەتی دادی ئەمریکا پورسەفیی بە هەوڵدان بۆ کوشتنی جۆن بۆڵتن تۆمەتبارکرد. 
 
جۆن بۆڵتن لە ئیدارەی ترەمپدا پۆستی راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی هەبوو و بەرپرسانی سوپای پاسدارانی ئێران چەندین جار هەڕەشەیان لێکردووە کە لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، دەیکوژن. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، مایک پۆمپەیۆش یەکێک بووە لە ئامانجی ئێرانییەکان. 
 
حوسێن حافز ئەمینی، کە خاوەن وڵاتینامەی ئێران و تورکیایە، لە لیستی سزاکانی رۆژی پێنجشەممەدایە. 
 
ئەمینی لە تورکیا خاوەن کۆمپانیایێکی هێڵە ئاسمانییەکانە بە ناوی "رەی ئێرڵاینز"، بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمینی ئەو کۆمپانیایەی "بەکارهێناوە بۆ یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لەنێویدا نەخشەڕێژیەکانی کوشتن و رفاندنی بەرهەڵستکارانی رژێمی ئێران لە تورکیا."
 
سزاکان، هەروەها دوو بەرپرسی باڵای هەواڵگریی سوپای پاسدارانیش دەگرنەوە بە ناوەکانی روحوڵڵا بازقەندی و رەزا سیراج. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بازقەندی "لە نەخشەدانان و سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران لە عێراق و سووریا و ئۆپەراسیۆنی کوشندە دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیلدا تێوەگلاوە."
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت: "بازقەندی هەروەها لە نەخشەدانان بۆ کوشتنی رۆژنامەڤانان و هاووڵاتیانی ئیستەنبووڵ تێوەگلاوە."
 
سیراج "لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی شکستخواردووی هەواڵگریی سوپای پاسداراندا لە ئاسیا و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی دژی هاووڵاتییانی ئەمریکیدا تێوەگلاوە،" ئەمە وەک راگەیێندراوەکە باسی دەکات. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، "سیراج پێشتر سەرپەرشتیی یەکینەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی کردووە، کە سەرنجی لەسەر چالاکیی تایبەتی دژی ئیسرائیلە،" سیراج لەو پۆستەدا "بەرپرس بووە لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی شکستخواردووی بەئامانجکردنی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی."
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەمریکا سەرنجی لەسەر لەباربردنی نەخشەڕێژییەکانی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس ماوە، کە هەردووکیان لە چەندین هەوڵی کوشتن و جموجوڵەکانی دیکەی توندوتیژی و تۆقاندندا لە دژی ئەو کەسانەی ئەوان بە دوژمنی رژێمی ئێران دایاندەنێن تێوەگلاون. 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە