رووداو دیجیتاڵ
لە دیاسپۆرای هەفتەکانی رابردوودا زانیاریی زۆر لەسەر چۆنێتیی وەرگرتنی ڤیزا و وەرگرتنی مافی مانەوە بە رێگەی یاسایی لە ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە. ئەمجارە چیرۆکی سەرنجڕاکێشی کۆچبەرێکی کورد دەگێڕینەوە کە لەگەڵ ماڵباتەکەی مافی مانەوەی پێنج ساڵییان لە پۆرتوگال وەرگرتووە، بەڵام بڕیاریداوە بچێتە ئەڵمانیا. بەو هیوایەی ژیانێکی خۆشتری هەبێت لەوەی لە پۆرتوگال دەیبوو؛ کەچی لە ئەڵمانیا شتێکی دیکە دەبینێت.
خانەوادەیەکی کورد کە ساڵی 2015 کوردستانیان جێهێشتووە و بە مەبەستی هەبوونی ژیانێکی باشتر روویان لە ئەورووپا کردووە، سەرەتا لە تورکیا ماونەتەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و دۆسیەکەیان پێشکێشی یوئێن کردووە لەو وڵاتە، بەڵام وەڵامیان نەبووە، دواتر بە قاچاخ خۆیان دەگەیێننە پۆرتوگال و دوای بەدەستهێنانی مافی مانەوە و وەرگرتنی مافی مانەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەهۆی سەختیی ژیانیان پۆرتوگال جێدەهێڵن و روودەکەنە ئەڵمانیا، کەچی هەر بە گەیشتنیان بە ئەڵمانیا دەگوازرێنەوە بۆ کەمپ.
کۆچبەرە کوردەکە کە نەیویستووە ناو و رووخساری ئاشکرا بێت، دەڵێت، "ناکرێت مافی مانەوەی وڵاتێکی دیکەی ئەورووپیمان هەبێت و لە ئەڵمانیاش بمانخەنە ناو کەمپێک کە ژمارەیەکی زۆر ئالوودەبووی مادەی هۆشبەری تێدایە، بەتایبەتی کە منداڵەکانمان لەگەڵە کە کوڕ و کچێکی 15 ساڵان و 19 ساڵانن." کۆچبەرە کوردەکە دەشڵێت، "لێرە وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران ناکرێت."
کۆچبەرە کوردەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "لێرە وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران ناکرێت و تەنیا داواکاریم ئەوەیە وەکو مرۆڤ مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت و بهێڵن کار بکەم." وەکو خۆی دەڵێت، زمانی تورکی دەزانێت و بەو پێیەی رەوەندی تورکی لە ئەڵمانیا زۆرە، دەتوانێت بە ئاسانی کاری دەستبکەوێت.
هەروەها باسی ئەوەش دەکات، پەیوەندیی بە چەند کەناڵێکی دیکەی کوردییەوە کردووە بۆئەوەی چیرۆکی ئەو کۆچبەرە بگەیێنن، کەس بەدەم داواکارییەکەیەوە نەچووە، بەڵام کە پەیوەندیی بە رووداوەوە کردووە، رۆژی دواتر چوون و پەیام و کێشەی ئەویان گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ