رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە ژوورێکی بەشی بەساڵاچووانی نەخۆشخانەیەکی شاری هامبۆرگ ئاگرکەوتەوە. سێ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50ـی دیکە برینداربوون.
رۆژی یەکشەممە، 01-06-2025، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا رایانگەیاند، سێ قوربانییەکە تەمەنیان لە نێوان 84 و 87 ساڵدایە، لە کاتێکدا سێ کەسی دیکە باری تەندروستییان ناجێگیرە و "لەنێوان ژیان و مردندان."
ئاگرەکە لە نەخۆشخانەی مارینکرانکنهاوس (Marienkrankenhaus) لە نیوەشەو دەستیپێکرد. ئاگرکوژێنەوەکان نەیانتوانی بگەنە ئەو سێ بەسەڵاچووە و هەر لەوێ گیانیان لەدەستدا.
لۆرێنز هارتمان، گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی هامبۆرگ گوتی: "چەندین کەسی بەساڵاچوو کە بە زەحمەت جووڵەیان پێدەکرا، رزگارکران." نزیکەی 220 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە رەوانەی نەخۆشخانەکە کران.
پێش ئەوەی ئاگرەکە بۆ بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکە تەشەنە بکات، کوژێنرایەوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیارنییە و پۆلیسی شاری هامبۆرگ، کە دەکەوێتە باکووری وڵاتەکە، لە لێکۆڵینەوەدایە.
پۆلیسی هامبۆرگ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ