ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: نامەکەی عەلی سیستانیم بە دەستگەیشتووە

01-07-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نامەکەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەکانی بە دەستگەیشتووە و سەرکۆنەی بێڕێزی و سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی شەممە، 01-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوووەکان بە تەلەفۆن لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق قسەی کردووە و پێکەوە تێیدا باسیان "لەو بێڕێزییە" کردووە کە لەلایەن هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی سوێدەوە بە قورئانی پیرۆز کرا.  
 
فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، ئەو جۆرە کارە کێشە لەنێوان وڵاتانی زۆرینە موسوڵمان و کۆمەڵگەکانی ئەوروپای لێدەکەوێتەوە و "دەبێتە هۆی زیاتربوونی ئیسلامۆفۆبیا، بیری تووندڕۆیی و تیرۆریستی؛ هەروەها تۆوی رق و کینە و تووندوتیژی لە وڵاتانی جیهاندا دەچێنێت".  
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار بکرێت بۆ دژایەتیکردنی ئەو جۆرە بیرانەی کە دەبنەهۆی بێڕێزی بە پیرۆزی و سیمبوولەکان و سووتاندنی کتێبە ئاسمانییەکان، لەوانەش قورئانی پیرۆز.
 
لای خۆیەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، بەدواداچوونیان بۆ ئەو رووداوە و کاردانەوەکانی لە عێراق و وڵاتانی دیکەی زۆرینە موسوڵمان کردووە و گوتوویەتی، "سەرکۆنەی ئەو کارە قێزەونە دەکەین؛ پێویستە کاربکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆ فۆبیا"؛ هەروەها رایگەیاندووە، نامەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی بەدەستگەیشتووە و ستایشی بەرزی هەوڵەکانی سیستانی دەکەن و وەڵامی نامەکەشی ئامادە دەکەن". 
 
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی عێراق، سوپاسی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە کە گرنگی زۆری بە نامەکەی عەلی سیستانی داوە و دووپاتیکردەوە کە هەمووان کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەرەنگاربوونەوەی بیری تووندڕۆیی.
 
نامەکە رۆژی 29ی مانگ ئاراستەی گۆتێرێز کراوە و تێیدا باس لەوە کراوە کە لەم ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا چەندینجار کۆپی قورئانی پیرۆز لە وڵاتانی دەرەوە سووتێندراوە، بەڵام "ئازادی رادەربڕین رەوایەتی بە کارێکی قێزەونی لەو جۆرە نادات". 
عەلی سیستانی لە نامەکەدا داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات هەنگاوی پێویست بگرێتە بەر بە مەبەستی رێگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە رووداو و کارانە.
 
پەناخوازێکی عێراقیی تەمەن 37 ساڵ بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپیییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەتی پۆلیسی سوێد. 
 
کارەکە کاردانەوەی لایەنی فەرمیی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدواداهات و رۆژانی پێنجشەممە و هەینیش لە بەغدا خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. 
 
حکومەتی عێراق داوای لە سوێد کردووە مۆمیکا رادەستبکاتەوە بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت، لە کاتێکدا کە داواکراوەکە هەڕەشە دەکات هەموو هەفتەیەک کۆپییەکی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.