جیهان
گابریێل ئاتال، وتارێک پێشکێش دەکات لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییەکەی سێیەم بوو، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا داوای کرد لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا تەنانەت یەک دەنگیش بە بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ نەدرێت.
گابریێل ئاتال، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی وڵاتەکەی رایگەیاند "پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆ خەریکە دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئامانجی ئێمەش روونە؛ رێگریکردن لە بەرەی نیشتمانی لەوەی گەڕی دووەم بباتەوە. ئەو پارتە لە گەڕی دووەمدا نابێت تەنانەت یەک دەنگیشی پێ بدرێت."
رۆژی یەکشەممە، 30ـی حوزەیران هەڵبژاردنی پێشوەختەی فەرەنسا بەڕێوەچوو. وەک لە ئەنجامە بەراییەکان دەردەکەوێت، پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆی تووندڕۆ، یەکەمە و 34٪ـی دەنگەکانی هێناوە، بەرەی نوێی گەل کە هاوپەیمانیێتییەکی چەپە بە 28٪ دووەمە و ئۆنسۆمبل (واتا بەیەکەوە) کە هاوپەیمانییە میانڕۆکەی ماکرۆنە 20٪ـی هێناوە.
گەڕی دووەمی هەڵبژاردن رۆژی یەکشەممە 07-07-2024 دەکرێت.
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا داوای لە دەنگدەران کرد، لە گەڕی دووەمدا رێگە لە سەرکەوتنی راستڕۆ تووندڕۆکان بگرن.
ماکرۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لەبەرئەوەی ئێمە رووبەڕووی بەرەی نیشتمانی دەبینەوە، کاتی ئەوەیە هاوبەندییەکی فراوان و روونی دیموکراتی کۆماری بۆ گەڕی دووەم پێکبهێنین."
ماکرۆن باسی لەوە کرد، زۆریی رێژەی بەشداربوون لە دەنگدانەکە، دەرخەری "گرنگیی ئەم هەڵبژاردنەیە بۆ هەموو هاونیشتمانیانمان و دەرخەری حەزی چاککردنی دۆخی سیاسییە".
لە هەموو ئەو بازنانەی هیچ بەربژێرێک نەیتوانیوە سەرووی 50٪ـی دەنگەکان بەدەستبێنێت، لە 7ـی تەممووز گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و ئەوانەی سەرووی 12.5٪ـیان هێناوە، دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ