ترەمپ سەنتەرێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەران لەنێو زەلکاوێکدا دەکاتەوە

01-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەشداری لە کردنەوەی سەنتەرێکی دەستبەسەرکردنی کۆچبەراندا بکات کە نازناوی "ئەلکەترازی تیمساحەکان"ـی لێنراوە و لە زەلکاوێکی پڕ لە خشۆک لە ویلایەتی فلۆریدا دروستکراوە.
 
رەخنەگرانی سیاسەتی تووندی کۆچی ترەمپ ئەم بیرۆکەیە بە "نامرۆڤانە" ناودەبەن، لە کاتێکدا ژینگەپارێزان دژی دروستکردنی ئەم سەنتەرەن لە پارکێکی نیشتمانیدا. بەڵام کۆشکی سپی بە ئاشکرا پێشوازی لەم نازناوە کردووە و بە زیندانی پێشووی بەدناوی ئەلکەتراز لە دوورگەیەکی کەنداوی سان فرانسیسکۆ بەرواردی دەکات، کە ترەمپ دەیەوێت ئەویش بکاتەوە.
 
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی دووشەممە رایگەیاند: "تەنیا یەک رێگەی بۆ دەچێت، تاکە رێگەی دەرچوونیش گەشتێکی ئاسمانیی یەکلایەنەیە. شوێنەکە دابڕاوە و بە گیانەوەری کێوی مەترسیدار و زەوییەکی سەخت دەورە دراوە."
 
لێڤیت لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بوونی ئەو گیانەوەرە خشۆکانە بەشێکە لە دیزاینی سەنتەرەکە؟ گوتی: "کاتێک بکوژ و دەستدرێژیکاری نایاسایی و تاوانبارە قێزەونەکانت لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا هەبێت کە بە تیمساح دەورە دراوە، بەڵێ، پێموایە ئەوە هۆکارێکی رێگریکردنە بۆ ئەوەی هەوڵی هەڵاتن نەدەن."
 
هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بەردەوام باس لەوە دەکەن کە تاوانبارەکان دەکەنە ئامانج، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانەی هیچ تۆمەتێکیان لەسەر نییە، لە هەڵمەتەکاندا دەستگیرکراون.
 
ویلایەتی فلۆریدا، کە لەلایەن رۆن دیسانتیسی کۆمارییەوە بەڕێوەدەبرێت، هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە شوێنەکە بە تێچووی نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار دروست دەکات.
 
سەنتەرەکە لەسەر شوێنی فڕۆکەخانەیەکی لەکارکەوتوو و لە دارستانەکانی مانگرۆڤ و زۆنگاوەکان دروستکراوە کە ناوچەی پارێزراوی ئێڤەرگلەیدز پێکدەهێنن. 
 
پارکی نیشتمانیی ئێڤەرگلەیدز بەتایبەتی وەک ماڵی سەرەکیی تیمساحەکان ناسراوە و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 200,000 تیمساحی لێبێت، کە درێژیی هەندێکیان دەگاتە 4.5 مەتر.
 
'تیمساح و مارە پایتۆنەکان'
 
هێرشی تیمساح بۆ سەر مرۆڤ لە فلۆریدا تاڕادەیەک دەگمەنە. بەگوێرەی کۆمیسیۆنی پاراستنی ماسی و ژیانی کێوی فلۆریدا، لەنێوان ساڵانی 1948 بۆ 2022، لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا 453 "رووداوی گەستنی بێ هۆکار" هەبووە، کە 26ـیان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی مرۆڤ.
 
بەڵام بەرپرسان مەترسییەکەیان گەورە کردووە. جەیمس ئوتمایەر، داواکاری گشتیی فلۆریدا، لەبارەی سەنتەرەکەوە گوتی: "ئەگەر خەڵک لێی دەربچن، شتێکی زۆریان چاوەڕێ ناکات، جگە لە تیمساح و مارە پایتۆنەکان."
 
ئیدارەی ترەمپ "ئەلکەترازی تیمساحەکان" وەک بەشێک لە بانگەشەکردن بۆ پرۆژەیاسایەکی گەورەی باج و خەرجی بەکاردەهێنێت کە سەرۆک هەوڵدەدات ئەم هەفتەیە لە کۆنگرێس تێیپەڕێنێت.
 
تۆم هۆمان، بەرپرسی باڵای کۆچی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ناتوانم چاوەڕێی کردنەوەی بکەم. دەبێت یاسا گەورە و جوانەکە تێپەڕێنین، چەندە جێگەمان زیاتر بێت، ئەوەندە کەسی خراپتریش دەستگیر دەکەین."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە