لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا

01-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 20 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە و بە بەلەمی چووپ چوونەتە وڵاتەکەی.
 
رۆژی سێشەممە 1ی تەممووزی 2025 حکومەتی بەریتانیا ئاماری نوێی تایبەت بە کۆچبەرانی بۆ وڵاتەکەی لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە و گوتی، لە 1ی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 30ی حوزەیران، 19 هەزار و 982ی کۆچبەر لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە چوونەتە بەریتانیا، بەوەش ریکۆردێکی نوێ لە چوونی کۆچبەران لە 6 مانگی یەکەم دا بۆ بەریتانیا تۆمار کراوە.
 
ئەو ژمارەیە ریکۆردی ساڵی 2024ی شکاند کە لە 6 مانگی یەکەمی ئەو ساڵەدا 13 هەزار و 489 کۆچبەر چووبوونە بەریتانیا.
 
ریکۆردە نوێیەکە لە کاتێکدایە لە دوایین رۆژی مانگی حوزەیراندا 879 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چوونە بەریتانیا.
 
چاوەڕێ دەکرێت چوونی بەکۆمەڵی کۆچبەران بۆ بەریتانیا گوشاری زیاتر بۆ سەر کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دروست بکات، کە نزیکەی ساڵێکە چووەتە سەر دەسەڵات و هەمیشە بەڵێنی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەرانی بە دەنگدەرانی بەریتانیا داوە.
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، ستامەر لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەسەر رێککەوتنێکی نوێی تایبەت بە کۆچبەران و پێشنیازێکی پێشکێش بە فەرەنسا کردووە، کە ئەو کۆچبەرانەی بە بەلەمی بچووک دەچنە وڵاتەکەی دیپۆرتیی فەرەنسا بکرێنەوە.
 
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ماکرۆن سەردانی لەندەن بکات و لەگەڵ ستامەر باسی پرسەکە بکەن.
 
هەروەها بڕیارە حکومەتی فەرەنسا تاوتوێی ئەوەش بکات، رێگە بە هێزە دەریاییەکانی بدات ئەو بەلەمانە کە هێشتا نەکەوتوونەتەڕێ و لە کەنار دەریاکانن، بوەستێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە