رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا رایگەیاند، واشنتن هیچ ئارەزوویەکی نییە بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو جەنگی ئێراندا بمێنێتەوە، ڤانس جەختی کردەوە، ئۆپراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا ئامانجێکی روونی هەیە، ئەویش پەکخستنی تواناکانی تارانە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایەن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ زۆر روون بووە لە سەر ئەوەی کە ئەمریکا نایەوێت بۆ ماوەی یەک یان دوو ساڵ لە ناو ئێراندا بمێنێتەوە. ڤانس دەڵێت: "ئێمە تەنیا خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکەکانمانین و بەم زووانە لەوێ دێینە دەرەوە [تەواو دەبین]. ئەمە ململانێیەکی کورتخایەنە و نامانەوێت تێوەگلانی درێژخایەنی لێ بکەوێتەوە."
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیگەرانیی لای دەنگدەرانی ئەمریکی دروست کردووە، جەی دی ڤانس دڵنیاییدا، ئەمە دۆخێکی کاتییە و دەڵێت : "راستە نرخەکان بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بەرزبوونەتەوە، بەڵام ئەمە پەرچەکردارێکی کاتییە، هەر ئەرکەکەمان تەواو بوو و لە ناوچەکە کشاینەوە، نرخەکان بە خێرایی دادەبەزنەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان."
ڤانس جەختی لەوە کردەوە، پێویست بووە ئەمریکا هەنگاوی جیدی بنێت بۆ "پەکخستنی" تواناکانی ئێران تاوەکو بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ نەتوانێت ببێتە هەڕەشە، بۆیە وەکو ئەو دەڵێت: "ئێمە زۆربەی ئامانجە سەربازییەکانمان بەدەستهێناوە. ئێران لە چەندین رووەوە هەڕەشەی لە ئێمە دەکرد و خەریکی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بوو، بۆیە دەبوو ئەو سەرچاوە مەترسیدارانەیان لێ تێکبدەین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگەی دەرچوون لە جەنگی ئێران، ڤانس دەڵێت:"ئەمریکا زۆربەی هەرە زۆری ئامانجەکانی پێکاوە، پەیامی بۆ سەربازانی ئەمریکی ئەوەیە، واشنتن دەیەوێت بە سەرکەوتنەوە جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت بە جۆرێک گەرەنتی بکات جارێکی دیکە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناچار نەبنەوە هەمان ئۆپەراسیۆن لە دژی ئێران بکەنەوە."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی ترەمپ هاوکات لەگەڵ جەنگی دەرەوە، خەریکی رێکخستنەوەی ئاسایشی ناوخۆ و بەرەنگاربوونەوەی "فێڵ و گەندەڵی"یە لە ناو ئەمریکادا، لەوانەش دۆسیەکانی کۆچبەری و فێڵکردن لە سیستمی دارایی وڵات کە بە گوتەی ئەو کاریگەرییان لە سەر بژێویی هاووڵاتیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ