کەشتیی جێراڵد فۆرد لە کرواتیا لەنگەری گرتووە و چاکدەکرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد"ی ئەمریکی، کە نوێترین و گەورەترین کەشتیی جەنگییە لە جیهان دا، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بوونی کێشەی تەکنیکی، ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێرانی جێهێشت و لە کرواتیا لەنگەری گرت.
 
رۆژی شەممە، 28ی ئاداری 2026، راپۆرتێکى ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکرد کە کەشتیی "جێراڵد فۆرد" گەیشتە بەندەری سپلیت لە کرواتیا بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی. 
 
ئەم کەشتییە پێشتر لە دەریای سوور بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"دەکرد، بەڵام رۆژی 12ی ئادار ئاگرێکی گەورە لە بەشی جلشۆردنی نێو کەشتییەکەدا کەوتەوە.
 
بەهۆی ئەو ئاگرەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەندین کاژێری خایاند، 3 سەرباز بریندار بوون و نزیکەی 200 سەربازی دیکەش بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە چارەسەری پزیشکییان بۆ کرا؛ لە هەمان کاتدا ئاگرەکە زیانی بە شوێنی نووستنی 100 سەرباز گەیاندووە. 
 
جگە لە زیانەکانی ئاگرەکە، کەشتییەکە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کێشەی لە سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆدا هەبووە کە کاریگەریی لەسەر نزیکەی 650 تەوالێت دروستکردووە.
 
ئێران پێشتر رایگەیاندبوو کە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکە و بەهۆیەوە ئاگرى گرتووە و پاشەکشەى کردووە، بەڵام فەرماندەى ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە و رایگەیاند کە ئاگرکەوتنەوەکە تەکنیکی بووە. 
 
کەشتیی "فۆرد" ماوەی 9 مانگە لە ئەرکدایە و پێش گەیشتنی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە دەریای کاریبی دژی ڤەنزوێلا بەشدار بووە. 
 
ئەم کەشتییە زیاتر لە 5,000 سەربازی تێدایە و زیاتر لە 75 فڕۆکەی جەنگیی وەک "ئێف-18 سوپەر هۆرنێت" و سیستەمی راداری پێشکەوتووی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان هەڵگرتووە.
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کرواتیا رایگەیاند، لە کاتی مانەوەیدا لە بەندەرەکە، فەرماندەکانی کەشتییەکە چاویان بە بەرپرسانی کرواتیا دەکەوێت تاوەکو "هاوپەیمانیی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات" دووپات بکەنەوە. 
 
کرواتیا کە هاوپەیمانێکی سەرەکیی ناتۆیە لە ئەورووپا، پێشتر رەزامەندیی لەسەر لەنگەرگرتنی ئەم کەشتییە دەربڕیبوو دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە یۆنانیش وەستابوو.
 
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ترەمپ جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان دەکاتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کەشتیی جەنگیی "بۆکسەر" لە 1ی نیساندا بگاتە ناوچەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سەربازییەی کە بەهۆی کشانەوەی کاتیی "جێراڵد فۆرد" دروستبووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە